محەممەد بن زاید دوای نۆ ساڵ سەردانی تورکیا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە 24-11-2021 محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئیمارات بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە تورکیا.
 
سەردانەکەی شازادەی جێنشینی ئیمارات لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆماری تورکیا بووە و یەکەمین سەردانی شازادەی جێنشینە بۆ ئەو وڵاتە لە ماوەی 9 ساڵدا.
 
ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و تورکیا بۆ زیاتر لە دوو دەیە دەگەڕێتەوە و لە دوای بەرپابوونی شەڕی ناوخۆیی سووریا لە 2011، زەقبوونەوە و رەهەندێکی دیکەی ئاڵۆزییان بەخۆوەوە بینی و لە دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و وڵاتانی دیکەی کەنداو لەنێویاندا ئیمارات لە حوزەیرانی ساڵی 2017 کە تێیدا تورکیا پاڵپشتی لە قەتەر کرد، پەیوەندییەکانی نێوان ئەبوو زەبی و ئەنقەرە ئاڵۆزتربوون.
 
لە ماوەی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و تورکیا بەرەوپێشچوونی ئەرێنییان بەخۆوەوە بینی و لە 15-8-2021 ئەردۆغان پێشوازیی لە شاندێکی ئیماراتی بە سەرۆکایەتیی تەحنوون بن زایید ئال-نهیان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات کرد.
 
لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی تورکیادا سەبارەت بە سەردانەکەی شازادەی جێنشینی ئیمارات هاتووە، "چاوێك بە سەرجەم پەیوەندییەکان بە هەموو رەهەندەکانی دەخشێندرێتەوە و هەروەها تاوتوێی هەنگاوەکانی باشترکردنی ئەو پەیوەندییانە دەکرێت، ئەو گفتوگۆیانە پرسە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکانیش لەخۆدەگرن".
 

سەرەڕای پەیوەندی سیاسیی ئاڵۆزی نێوانیان، بەڵام ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی هەر بەردەوامبووە گەرچی بە رێژەیەکی کەمتر.
 
داتاکانی وەزارەتی ئابووریی ئیمارات پێشانیدەدات لە ماوەی یەک دەیەی رابردوودا، قەبارەی بازرگانییە نانەوتییەکان لە نێوان ئیمارات و تورکیا نزیکەی 89.6 ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە.
 
بازرگانییە نانەوتییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ساڵی 2019 نزیکەی 7.3 ملیار دۆلار بووە لە ساڵی 2020 بە رێژەی لە 21٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 8.9 ملیار دۆلاری ئەمریکی.