رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە لەسەر دۆخی سووریا کۆبووەوە.
ئەوان ترسیان هەیە پریشکی جەنگی غەززە و لوبنان بەر سووریا بکەوێت و قەیرانی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە 13 ساڵە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، قووڵتر بکاتەوە.
گێر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا دەڵێت: "خزینی سووریا بۆ نێو ناکۆکییە هەرێمییەکان، زەنگێکی مەترسیدارە و ئەگەری هەیە دۆخی ناوچەکە خراپتر بکات و خراپتریش بۆ سووریا و هەروەها بۆ ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە، لەدوای دەستپێکی هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی ئیسرائیل بۆ لوبنان، نزیکەی 425 هەزار کەس لە لوبنانەوە چوونەتە سووریاوە.
لەو ژمارەیە 300 هەزاریان پەنابەری سووریایین و زیاتر لە 10 ساڵە لە لوبنان دەژین و ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ سووریا،..
ئێد وسۆرنۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هاوئاهەنگی لە رێکخراوی ئۆچا دەڵێت: "هەتا گرژییەکان و ناسەقامگیریی لە تەواوی ناوچەکە رانەگیرێت، کاریگەرییەکانی ئەمدواییەی لەسەر سووریا بینیوومانە، رەنگە خراپتر بێت. سووریاییەکان لەمێژە لەنەمامەتیدا دەژین و بەهۆی دۆخی ناوچەکە رەنگە دۆخەکە بۆ سووریاییەکان خراپتر بێت."
بێجگە لە گوشارە مرۆییەکان، لە 7ی تشرینی یەکەمی پارەوە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی غەززە، ئیسرائیل 116 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی سووریا و لەنێویشیان دیمەشقی پایتەخت کردووە، ئیسرائیلییەکان دەڵێن لەو هێرشانەدا پێگەکانی حیزبوڵڵا و گرووپەکانی نزیک لە ئێرانیان کردووەتە ئامانج...
قوسەی دەهاک، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات: "ناوچەکەمان بەهۆی سیاستە تووندڕۆکانی وڵاتانی رۆژئاواوە تووشی دۆخێکی نالەباربووە و رۆژئاواش پشتگیریی ئیسرائیل دەکات لەسەر حیسابی ئاسایش و سەقامگیریی خەڵک و وڵاتانی ناوچەکە."
لەسەرەتای ئەم مانگە، ئاژانسە مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڵمەتێکی تایبەتیان دەستپێکرد بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی بۆ سووریا تاوەکو بتوانێت کۆنترۆلی ئەو قەیرانە نوێیە مرۆییە بکات و رایانگەیاند بۆ شەش مانگی داهاتوو سووریا پێویستی بە 324 ملیۆن دۆلارە بۆ هاوکاریکردنی 480 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ