بۆ گفتوگۆی جەنگی غەززە، تیمێکی حەماس لە رووسیان
رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی بەرپرسێکی حەماس، شاندێکی باڵای بزووتنەوە فەلەستینییەکە سەردانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیایان کردووە و بڕیارە لەسەر "جەنگی غەززە و راگرتنی دووژمنکارییەکان" گفتوگۆ لەگەڵ بەپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 23-10-2024 بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "شاندێکی حەماس بە سەرۆکایەتیی موسا ئەبو مەرزووق گەیشتوونەتە مۆسکۆ بۆ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەوێ، تاوتوێی راگرتنی دووژمنکارییەکان و جەنگی غەززە و ناوچەکە بکەن."
ئەبو مەرزووق ئەندامێکی باڵای مەکتەبی سیاسیی حەماسە کە بارەگەی سەرەکیی لە قەتەرە و لە سەرەتای جەنگەکەوە بەشداریی چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆی پەیوەیست بە راگرتنی جەنگی غەززە کردووە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، دوو بەرپرسی حەماس رایانگەیاند، بزووتنەوەکە بیری لەوە کردووەتەوە کە لیژنەیەکی بەڕێوەبردن بۆ مەکتەبی سیاسی دابنێت، نەوەک جێگرێک بۆ یەحیا سنوار، سەرۆکی پێشوو دابنێت.
رۆژی چوارشەممە 16-10-2024 سوپای ئیسرائیل کوژرانی یەحیا سنواری راگەیاند و دواتر بزووتنەوە فەلەستینییەکەش پشتڕاستی کردەوە و گوتی: "شەهید بوو."
ئەو سەردانەی حەماس بۆ رووسیا لە کاتێکدایە، چوارشەممە لووتکەی بریکس (BRICS) لە شاری (کازان)ی رووسیا بە سەرپەرشتیی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو. لە لووتکەکەدا چەندین وڵاتی زلهێز و گەورەی جیهان بەشدارن و چەندین پرسی گرنگ و هەنووکەیی تاوتوێ دەکرێن.
لە کۆبوونەوەکە پرسی جەنگی ئۆکراینا و تەنگژەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مژارێکی سەرەکیی بوون و سەرکردەکان داوای ئاشتی و خاوکردنەوەی گرژییەکانیان کرد.