سعودیە و بەحرێن چەند فەرماندەیەکی سوپای پاسداران دەخەنە لیستی تیرۆر

25-10-2018
رووداو @Rudawkurdish
....
....
نیشانەکردن سوپای پاسداران
A+ A-

رووداو - هەولێر

سعودیە و بەحرێن ناوی سوپای پاسدارانی ئێران و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودس و عەبدولڕەزا شەهلایی و حامید عەبدوڵڵاهیان خستە نێو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

حامید عەبدوڵڵاهی، لە بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران، عەبدولڕەزا شەهلایی و قاسم سولەیمانیش لە ساڵی 2011 بە پلانداڕێژەری تیرۆری باڵیۆزی سعودیە لە ئەمریکا تۆمەتبارکران و لەو کاتەوە ئەمریکا، کەنەدا و یەکێتی ئەوروپاش ناوی ئەو کەسانەی خستووەتە لیستی تیرۆر.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاش رایگەیاند، نۆ کەس کە دوویان ئێرانین و سەر بە سوپای پاسدارانن بەهۆی پاڵپشتی لە گرووپی تاڵیبان دەخرێنە لیستی گەمارۆکانەوە. 

بەردەوام بەرپرسانی ئێران هاوکاریکردنی گرووپی تاڵیبانیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، تاڕادەیەک لەگەڵ ئەو گرووپە لە پەیوەندیدان ئەویش بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ئەفغانستان.

لە کاردانەوەی بەرپرسانی ئێران بەرامبەر بەو بڕیارانەی سعودیە و بەحرێن، ئیسماعیل کەوسەری، جێگری فەرماندەی ساروڵڵا رایگەیاند، هەوڵەکانی سعودیە و بەحرێن بۆ دەربازبوون لەو گرفتانەیە کە بەهۆی کوشتنی جەمال خاشقچی، رۆژنامەڤان و شەڕی یەمەنەوە تووشیان بووە.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە