گرۆسی بۆ رووداو: پێویستمان بە چوارچێوەیەکی پتەوە بۆ سەقامگیرکردنەوەی دۆخی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران

24-09-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
رافایێل گرۆسی قسە بۆ رووداو دەکات.
رافایێل گرۆسی قسە بۆ رووداو دەکات.
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) بە رووداوی راگەیاند، بۆ "سەقامگیرکردنەوەی" دۆخی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تاران پێویستیان بە "چوارچێوەیەکی پتەوە."
 
گرۆسی رۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن راگەیاند: "بۆ هەموو کەس روونە کە پێویستە دڵنیابینەوە لە سەقامگیرکردنی دۆخەکە. بۆ سەقامگیرکردنی دۆخەکەش، پێویستمان بە چوارچێوەیەکە. دەتوانی وەک رێککەوتنی پێشوو ناوی ببەیت، یان ناوێکی دیکەی بۆ دابنێیت، بەڵام بە بڕوای من هەموو کەسێک هاوڕایە کە ئێمە پێویستمان بە چوارچێوەیەکی پتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی هەموو شتێک باش دەبێت."
 
ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی 2015 رێککەوتنێکی ئەتۆمییان واژۆکرد بۆ ئەوەی ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات، لە بەرامبەر ئەوەی سزا ئابوورییەکانی سەری هەڵبوەشێنرێنەوە. بەڵام ساڵی 2018 ئەمریکا لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی لێی کشایەوە و دووبارە سزاکانی بەسەردا تووندکردنەوە.
 
لەو کاتەوە، ئێران دەستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە. 
 
هەواڵگریی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە پێیانوایە هێشتا ئێران دەستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەکردووە. 
 
گرۆسی بە رووداوی گوت، ئەوان "هیوادارن" بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران "رۆڵی لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا نەبێت". 
 
لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی ساڵی 2015ـدا، ئێران رازیبوو ئاژانسەکە بتوانێت لە نزیکترەوە چاودێریی بنکە ئەتۆمییەکانی بکات. بەڵام چەند ساڵێکە رێگە بە پشکنەرانی ئاژانسەکە نادات بچنە بنکەکانی و وەڵامی ئەو پرسیار و گومانانەشی نەداونەتەوە کە لە بارەی دۆزینەوەی شوێنەواری یۆرانیۆم لە سێ شوێن لێی دەکرێن، لە کاتێکدا ئێران پێشتر بە فەرمی ئاشکرای نەکردبوو کە ئەو شوێنانە بۆ پیتاندنی مادەکە بەکاردێنێت.
 
لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەری گشتیی IAEA گوتی: "ئێمە خەڵکمان ناردووەتە ئێران، پێویستە ئەو پشکنینانە بەردەوام بن."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، لە پەراوێزی 79یەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گرۆسی لەگەڵ عەباس عێراقچی کۆبووەوە.
 
گرۆسی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "گرنگ بوو کە پێش سەردانی داهاتووم بۆ تاران، لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکەگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوومەوە و پەیوەندیم لەگەڵیدا دامەزراندەوە،" بەڵام باسی لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نەکرد. 
 
دەقی قسەکانی رافایێل گرۆسی بۆ رووداو:
 
هیوادارم هیچ رۆڵێکیان لە چەکی ئەتۆمیدا نەبێت. ئێمە لەگەڵ ئێران لە کارکردنداین، بە دیاریکراوی بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە. ئەمڕۆ چاوم لەوەیە لەگەڵ وەزیری دەرەوە کۆببمەوە کە لە رابردوودا زۆر کارم لەگەڵیدا کردووە. دوای ئەو کۆبوونەوەیە دەتوانم شتی زیاترتان بۆ بڵێم.
 
ئەوە کارێکی بەردەوامە. ئێمە خەڵکمان ناردووەتە ئێران، پێویستە ئەو پشکنینانە بەردەوام بن، ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە ئومێدەوارم ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوە باسی بکەم.
 
بێ رەچاوکردنی ئەوەی ئایا هیچ رێککەوتنێک لەسەر مێزی گفتوگۆ هەیە یان نییە، بە بڕوای من بۆ هەموو کەس روونە کە پێویستە دڵنیابینەوە لە سەقامگیرکردنی دۆخەکە. بۆ سەقامگیرکردنی دۆخەکەش، پێویستمان بە چوارچێوەیەکە. دەتوانی وەک رێککەوتنی پێشوو ناوی ببەیت، یان ناوێکی دیکەی بۆ دابنێیت، بەڵام بە بڕوای من هەموو کەسێک هاوڕایە کە ئێمە پێویستمان بە چوارچێوەیەکی پتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی هەموو شتێک باش دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە