تەندروستیی لوبنان: لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا 492 کەس کوژراون

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، لە زنجیرە هێرشەکانی ئیسرائیلدا، 492 کەس کوژراون، کە 35یان منداڵ و 58یان ژنن. هەروەها هەزار و 645 کەس بریندار بوون. ئیسرائیلیش دەڵێت، لە هەزار و 300 ئامانجی حیزبوڵڵایان داوە.
 
درەنگانی شەوی دووشەممە 23-09-2024، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند: "دووژمنی ئیسرائیلی هێرش دەکاتە سەر شارۆچکەکان و گوندەکانی بیقاع و بەعلبەک لە رۆژهەڵات. 492 کەس کە 35 منداڵ و 58 ژن لەخۆ دەگرێت، شەهید بوون. هەروەها، هەزار و 645 کەسیش بریندار بوون".
 
دانیێل هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "هێرشەکان لە هەزار و 300 ئامانجی حیزبوڵڵایان داوە".
 
پێش هاگاری، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چەندین باڵەخانە، ئۆتۆمبێل و ژێرخان کراونەتە ئامانج کە مووشەک، رۆکێت و درۆنیان لەخۆگرتبوو و ببوونە هەڕەشە.
 
لە بڵاوکراوەیەکی دیکەدا، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئەمە قورسترین هەفتەیە بۆ حیزبوڵڵا، ئەنجامەکانیش دیارن. دەیان هەزار رۆکێتمان لەنێو بردووە و چەندین یەکەی چەکداریمان تێکشکاندووە و چەندین تیرۆریستمان بریندار کردووە".
 
لە پەیامێکدا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "لەبارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی لوبنان و ئیسرائیل ئاگادارکراومەتەوە؛ تیمەکەم لەگەڵ هاوتاکانیان لە پەیوەندیی بەردەوامدان و کار لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەین، بۆ ئەوەی رێگە بۆ خەڵک بکرێتەوە بچنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان".
 
ئیسرائیل دەیەوێت جومگە سەرەکییەکانی حیزبوڵڵا پەکبخات. بزووتنەوە لوبناییەکە لە 21-09-2024 رایگەیاند: "ئیبراهیم عەقیل، یەکێک لە سەرکردە مەزنەکان لە رێگەی قودس شەهید بوو". بزووتنەوەکە دەستەواژەی "لە رێگەی قودس شەهید بوو" بۆ کوژرانی سەرکردە و فەرماندە باڵاکانی بەکاردەهێنێت.
 
رۆژێک پێش ئەوە هاگاری گوتی: "دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی ورد، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشێکی ئامانجداریان کردە سەر ناوچەیەکی بەیرووت و ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی هێزی رەزوانیان لەنێوبرد".
 
ئیبراهیم عەقیل دووەم باڵاترین فەرماندەی باڵی سەربازیی حیزبوڵڵا بوو لەدوای فوئاد شوکر کە ئەویش لە کۆتایی تەممووزی ئەم ساڵ لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە باشووری بەیرووت کوژرا.