ئازادکردنی ژمارەیەک چەکداری داعش لە رۆژئاوای کوردستان و مەترسییەکانی

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیاری لێخۆشبوون لە ژمارەیەک چەکداری پێشووی داعش لەلایەن هەسەدەوە، کاردانەوە و نادڵنیایی ئەمنیی دروستکردووە. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى رۆژئاواى نەینەوا هۆشداری لە دزەکردنی ئەو چەکدارانە بۆ عێراق دەدات. فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخانیش لە شنگال دەڵێت، "مەترسی هەیە وڵاتانی ناوچەکە ئەو چەکدارانە بەکاربهێنن."
 
لە 21ی تەممووزی 2024 هێزەکانى سووریا دیموکرات (هەسەدە) بڕیاری لێبووردنى گشتیى بۆ 470 ئەندامی داعش دەرکرد. چەکدارەکان بەشێک بوون لەو 1200 چەکدارە عێراقی و بیانییانەى داعش کە لە زیندانەکانی هەسەدەدا بوون.
 
حەیدەر شەشۆ: مەترسیییەکە ئەوەیە وڵاتان ئەو تاوانبارانە بەکاردەهێنن
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی تەممووزی 2024 حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە شنگال، لەبارەی ئەو بڕیارەی هەسەدەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "مەترسییەکە لە ژمارەی داعشەکاندا نییە، بەڵکو ئەوەیە کە وڵاتانی دەوروبەر ئەو تاوانبارانە و چەکدارانی داعش بەکاردەهێنن."
 
بە بڕوای شەشۆ، ئەوانە ستەمیان بەرامبەر مرۆڤایەتی کردووە، "ستەمە لە بەرامبەر دەستکەوتی بازرگانی یان بەهۆی رێککەوتنی سیاسی، کە لەنێو سووریادا دەکرێت ئازاد بکرێن. لەجێی خۆیدا نییە 1200 چەکداری داعش ئازاد بکرێن."
 
زۆربەی چەکدارەکان خەڵکی موسڵن
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو 470 چەکدارەى داعش کە هۆشداری لەبارەیانەوە دراوە، زۆرینەیان خەڵکى شارى موسڵن و لەدواى ئازادکردنى شارەکە لە ساڵى 2017 لە دەستى داعش، بەرەو سنوورى سووریا هەڵاتوون و لەوێ دەستگیر کراون.
 
بەگوێرەى هۆشدارییەکەى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى رۆژئاواى نەینەوا، ئەو زانیارییانەیان لەبارەى ئەگەرى دزەکردنى ئەو 470 چەکدارە لە رێگەى زانیاریى هەواڵگرییەوە پێگەیشتووە، بۆیە داوا لەهێزە ئەمنییەکان دەکات لەوپەڕى ئاگاییدا بن و رێوشوێن بگرنەبەر بۆ رێگرى لێیان.
 
محەممەد کاکەیی گوتى، "ئەو چەکدارانەى داعش ناتوانن بە فەرمى بگەڕێنەوە، چونکە داواکراون و دەستگیر دەکرێن، بۆیە ئەگەر هەیە تاک بە تاک هەوڵى دزەکردن بدەن."
 
"مەترسییەکە ونبوونی داعشە لە ژێر بەرگی دەوڵەت دا"
 
بە گوتەی فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان، ئەو چەکدارانەی ئازاد دەکرێن، جارێکی دیکە نابنەوە مەترسی، "لە عێراقدا بە هەزاران چەکداری داعش هەن کە لێخۆشبوونیان بۆ دەرچووە و ناویان لە لیستەکانی داواکراواندا دەرهێندراوە. مەترسی لەوەدایە کە داعش بن لەژێر جلی دەوڵەتدا. مەترسی لەوەدایە بتوانن تاوانەکانی داعش ون بکەن و بێنەوە نێو کۆمەڵگەی عێراقی. وەکو ئەوانەی کەمپی جەدعە کە سەتان خێزانی داعشی تێدایە تاوانیان بەرامبەر ئێمەی ئێزدی کردووە، بەڵام هەوڵ دەدرێت لەلایەن دەوروبەرەوە بەکاربهێندرێن و دەیانگەڕێننەوە گۆڕەپانی وڵات."
 
هەسەدە دەڵێت، هیچ زیندانیکراوێکی عێراقییان تێدا نییە، بەڵام حەیدەر شەشۆ دەڵێت، "ئەمە دوورە لە راستییەوە، چونکە بەشداریکردنی خەڵکی عێراق لەنێو رێکخراوی داعش لە هەموو دەوروبەر و ئەورووپا زیاترە. حکومەتی عێراق ئەوە باش باش دەزانێت."
 
ساڵح گەدۆ: ئازادکردنی چەکدارانی داعش لەژێر کاریگەریی سەرۆک هۆزەکان بووە
 
سکرتێری پارتی چەپی دیموکراتی کورد لە سووریا، میوانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، ئەو لەبارەی ئازادکردنی ئەو داعشانەوە قسەی کرد و گوتی: ئەم بڕیارە بەتەنیا هەسەدە نەیداوە، بەڵکو هەموو رێڤەبەری خۆسەر هاوبەشبوونە تێیدا و پێموایە 1200 چەکدار بوونە.
 
ساڵح گەدۆ دەڵێت، "پێموایە 1200 کەس ئازاد کراون، دەڵێن ئەوانە شەڕیان نەکردووە و دەستیان لە رشتنی خوێندا نییە، ئەمەش لەژێر کاریگەریی سەرۆک هۆزەکانی عەرەبدا بووە و لە هەرێمی دێرەزوور، رەققە و منبج ئازاد کراون."
 
سکرتێری پارتی چەپی دیموکراتی کورد لە سووریا ئاماژە بەوە دەکات، چەکدارانی داعش چ لە رۆژئاوای کوردستان بن، یان لە زیندانەکانی رێڤەبەری خۆسەر، یان کامپ و دەرەوەی کامپەکان، بووەتە کێشەیەکەی گەورە بۆ رێڤەبەری خۆسەر و ئەوە لە توانای رێڤەبەری خۆسەر گەورەترە.
 
رێکخراوی ئەمنستی: ئەوانەی ئازاد کراون بێ بەڵگە و تاوان دەستگیر کرابوون
 
بە گوتەی ساڵح گەدۆ، وڵاتانی جیهان گرنگی بەو پرسە نادەن، "بەڵام بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ رێڤەبەری خۆسەر، چ زیندانییەکان و چ کامپەکانیش، پێویستە هاوکاریی نێودەوڵەتی لەو پرسەدا هەبێت."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "هەرچەندە زانیاریی وردمان نییە، بەڵام دەگوترێت ئازادکراوەکان ئەندامی بێچەکی داعش نەبوون."
 
هاوکات رێکخراوی ئەمنیسی ئینتەرناشناڵ، لەبارەی ئەو هەنگاوەی رۆژئاوای کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی ئەوانەی ئازاد کراون، بێ هیچ بەڵگە و تۆمەتێک دەستگیر کرابوون، زۆربەشیان لە نێو زیندان رووبەڕووی ئەشکەنجە و لێدان بوونەتەوە.
 
"بە ئاگاداری ئەمریکا ئازاد کراون"
 
سکرتێری پارتی چەپی دیموکراتی کورد لە سووریا دەڵێت، "جگە لە دەستێوەردانی خێڵەکیی عەرەب و شێخەکانیان، پێموایە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەبووە و رێڤەبەری خۆسەر خۆی ئەو بڕیارەی نەداوە، لانیکەم راوێژی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە."
 
ساڵح گەدۆ دەڵێت: ئەوانە هێشتا بیری داعش لە مێشکیاندا ماوە و رەنگە ببنە مەترسی، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتیاندا بووە "بە من بوایە، ئازاد نەدەکران."