رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئوردن رایگەیاند، درۆنێکیان بە دوو کیلۆ مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵەوە لەسەر سنووری سووریا تێکشکاندووە. ئەوەش دوای رۆژێک لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای ئوردن و سووریا لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی قاچاخچێتی لە سنوورەکانی نێوانیان دێت.
رۆژی دووشەممە، 24ی تەممووزی 2023، سوپای ئوردن رایگەیاند، درۆنێکیان تێکشکاندووە کە مادەی هۆشبەری لە سووریاوە بەرەو باکووری ئوردن دەگواستەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، درۆنەکە دوو کیلۆ مادەی کریستاڵی تیادابووە و لە دیوی ئوردن خراوەتە خوارەوە.
رۆژی یەکشەممە، 23-07-2023 یوسف حەنێتی، سوپاسالاری ئوردن و عەلی محەممەد عەباس، وەزیری بەرگریی سووریا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی لەسەر سنوورەکانی نێوانیان کۆبوونەوە.
پێشتریش بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا رایگەیاندبوو، لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوە و رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی بەردەوامن.
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لە سەرەتای مانگی تەممووزدا رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی هەموو کارێک بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی نیشتمانی دەکات و داوای لە حکومەتی سووریا کرد کاری زیاتر بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی بە مادەی هۆشبەر.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، ناکۆکییەکانی نێوخۆی سووریا، وڵاتەکەی کردووەتە ناوەندێکی گەورە بۆ بازرگانیی مادەی هۆشبەر، بە تایبەت حەبی کاپتاگۆن، کە بە قاچاخ دەبرێنە وڵاتانی دەوروبەری سووریا.
رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023، پۆلیسی ئوردن رایگەیاند، بە هاوکاری سعودیە دەستیان بەسەر زیاتر لە شەش ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا گرتووە.
ئوردن 375 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریادا هەیە، ئەوەش وادەکات، بەشێکی بەرچاوی ئەو مادە هۆشبەرانەی لە سووریاوە بەرهەمدەهێندرێن لەرێگەی قاچاخەوە رەوانەی ئوردن بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ