پەرلەمانی ئیسرائیل بەشێک لە هەمواری سیستمی دادوەری پەسندکرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ناڕەزایەتیی فراوانی شەقامی ئیسرائیلی و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، پەرلەمانی ئیسرائیل بە زۆرینەی دەنگ، بەشێک لە پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی سیستمی دادوەری پەسند کرد، بەمەش دەسەڵاتی دادگەی باڵا، چیدی مافی رەتکردنەوەی بڕیارەکانی حکومەت لەسەر بنەمای نەگونجان، نابێت.
رۆژی دووشەممە، 24ی تەممووزی 2023، پەرلەمانی ئیسرائیل ناسراو بە کنێست، بە زۆرینەی دەنگ بەشێکی سەرەکی لە پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی سیستمی دادوەری ئیسرائیلی پەسندکرد، کە بەگوێرەی یاسای نوێیەکە، حکومەتی ئیسرائیلی دەتوانێت دەستوەردان لە بڕیاری دادگەی باڵادا بکات.
زۆربەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل سەرەتا بەشداریان لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا کرد، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی دوا خوێندنەوە بۆ پڕۆژەکە، سەرجەم پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن دروشمی "شەرمەزارییان" دەگوتەوە و دواتر بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
پڕۆژەیاساکە یەکێک بوو لە بەڵێنەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پێش هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکوەزیران لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو. پارتەکەی، لیکود لەگەڵ شەش پارتی دیکەی نێو کنێست کە هاوپەیمانێتییەکی راستڕۆیان پێکهێنا و بوونە زۆرینەی پەرلەمانە 120 کورسییەکە و، بە 64 دەنگ بەرامبەر سفر پڕۆژەیاساکەیان پەسندکرد.
ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، زیاتر لە حەوت مانگە بە هەزاران ئیسرائیلی رژاونەتە سەر شەقامەکانی شارە گەورەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی ئەو پڕۆژەیاسایە. ئەوان پێیانوابوو بە پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە، "دیموکراسیی ئیسرائیل" پاشەکشە دەکات.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، دەسەڵاتی دادوەری کەمدەکرێتەوە و لایەنگرانی نەتەنیاهوو دەڵێن دەبێ سنوور بۆ دەسەڵاتە فراوانەکانی دادگەی باڵا دابنرێت، لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش دەڵێن ئەو پڕۆژەیاسایە هەنگاوێکە بۆ دروستکردنی بەربەست و ئاڵنگاریی بۆ دیموکراسی.
لە ئیسرائیل کە دەستوورێکی دیاریکراوی نییە، دادگەی باڵا ئێستا دەسەڵاتی هەیە یاساکان هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر پێیوابوو دەبنە هۆی جیاکاری.
پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە لەلایەن پەرلەمانی ئیسرائیلەوە، تەنیا رۆژێک لە دوای دەرچوونی نەتەنیاهوو لە نەخۆشخانە دێت، کە نەشتەرگەری دڵی بۆ کرا و ئامێری رێکخستنی لێدانی دڵی بۆ دانرا.
یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل لە دوای بڕیارەکەی پەرلەمان، سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی کرد و رایگەیاند :"ئێمە چیدیکە سەرۆکوەزیرانێکمان نییە، بەڵکو بوكەڵەی دەستی پارتە راستڕۆیەکانمان هەیە".