161 منداڵ لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل کوژراون

رووداو- ئاژانسەکان

سوپای ئیسرائیلی رایگەیاند، کە رۆژی چوارشەممە 3 سەربازی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە کوژران، بەمەش ژمارەی کوژراوانی سەربازانی ئیسرائیلی گەیشتە 32 سەرباز، هاوکات بەپێی دوایین ئاماری راگەیەنراو، 161 منداڵ لەو شەڕانەدا کوژراون.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی پزیشکی فەڵەستینی رایگەیاند، کە لە بۆردوومانکردنی شاری خانیونس لەلایەن ئیسرائیلەوە، ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن. هەندێک لە هاووڵاتییانیش کەوتوونەتە ژێر خانووەکانیان.

هەروەها ناوەندی فەلەستینی بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، کە لە سەدا هەشتای ئەو فەلەستینییانەی لە بۆردوومانی هێزەکانی ئیسرائیل دەبنە قوربانی، خەڵکی سڤیلن.

بە پێی دوایین ئاماری راگەیەنراو، لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا تا ئێستا لە کەرتی غەززە 678 کەس کوژراون، کە 161ـیان منداڵن 66یشیان ژنن.  هەروەها 4250 کەس برینداربوون، کە 1213یان منداڵن و 698یشیان ژنن.