شەڕ و قەیرانی ئابووری لوبنانییەکانیان لە چێژوەرگرتن لە ژیان دانەبڕیوە
رووداو دیجیتاڵ
لەنێو جەرگەی شار، باندێکی میوزیکیی خۆبەخش گۆرانی بۆ منداڵانی بەیرووت دەڵێن و سەمایان بۆ دەکەن.
ئەگەرچی شەڕ و پێکدادان قوڕگی لوبنانی گرتووە و ترس بەرۆکی خەڵک بەرنادات، ئابووریی وڵاتەکەش داڕماوە، بەڵام هێشتا دانیشتووانی لوبنان دەیانەوێت چێژ لە ژیان ببینن.
میرا مەخلووف، خاوەن فرۆشگەی یاریی منداڵان لە بەیرووت دەڵێ "بێگومان خەڵک بەگشتی دەترسن، بەڵام ئەوەی لەدەستمان بێت پشتبەستنە بەو خوایەی دروستمانی کردووە. لوبنانییەکان بەوە ناسراون ژیانیان خۆش دەوێت، ئاهەنگ دەگێڕن و حەزیان بە کەشی دڵڕفێنە. دەمانەوێت چێژ لە هەموو رۆژێکی هاوین ببینین."
کوچە و کۆڵانەکانی بەیرووت هێشتا بۆنی ژیانیان لێدێت و بازاڕیش جمەی دێت. شەوانی بەیرووت کەشێکی تایبەتی هەیە و خەڵک لە چالاکییەکانی ژیان دانەبڕاون.
عەلی، راوێژکاری داراییە باسی ئەوە دەکات تەمەنی 40 ساڵە، بەڵام "لە تەواوی ژیانم هەموو هاوینێک هەر گوێم لە جەنگ بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ژیان بەردەوامە و ئێمەش ئاسایی دەژین... وڵاتەکە کارایە و خەڵکیش ئاهەنگ دەگێڕن."
جگە لە لوبنانییەکان، گەشتیارانی وڵاتە جیاوازەکان رەنگێکی دیکەیان بە شارەکە داوە و هەناسەیەکیشیان بۆ ئابووریی لوبنان هێناوەتەوە.
نایلا حەداد، خاوەن فرۆشگەی دیاری لە بەیرووت دەڵێ "بڕوا ناکەم جەنگ بەرپابێت، ئێمە ناترسین. ئەگەر خەڵک بترسن، ئەو هەموو قەرەباڵخییە نابینین و کەسیش ئاهەنگ ناگێڕێت. هەموو دوو هەفتە جارێک لە شوێنێکی جیاواز فێستیڤاڵێکمان هەیە."
بەگوێرەی وەزارەتی گەشتوگوزاری لوبنان، لە ساڵی 2019 چوار ملیۆن و 357 هەزار گەشتیار سەردانی لوبنانیان کردووە؛ لەو ژمارەیە 196 هەزار و 265 کەس لە عێراق و باشووری کوردستانەوە چوون. داهاتی کەرتی گەشتیاریی لوبنان لەو ساڵەدا 8.72 ملیار دۆلار بوو.
لە ساڵی 2020 بەهۆی کۆرۆناوە ژمارەی گەشتیاران بۆ 965 هەزار و داهاتیش بۆ 2.3 ملیار دۆلار دابەزی. هەرچی لە 2021، لانیکەم 890 هەزار گەشتیار روویان لەو وڵاتە کرد و کەرتی گەشتیاریش 3.16 ملیار دۆلاری پەیداکرد.