سعودیە ناوەندێکی فریاگوزاریی خێرا بۆ پاراستنی حاجیان دروست دەکات

رووداو دیجیتاڵ

تائێستا نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار حاجی بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی حەج گەیشتوونەتە مەککە. سعودیە دەیەوێت لە سەلامەتی ماڵ و گیانی حاجییەکان دڵنیابێتەوە، بۆیە ئاسایشی نێو حەرەمی مەککە بە تەکنیک و شێوازی زۆر نوێ دەپارێزێت.
 
ئەمە جگە لە دابینکردنی پاسەوان و پۆلیس لە هەموو شوێنێکی نێو حەرەمەکە.
 
ئەحمەد شەراف، گوتەبێژی ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی نیشتمانی دەڵێ "لەماوەی دوو چرکەدا تەلەفۆنمان بۆ دێت، دواتر هەموو وردەکارییەکان جێگیردەکرێن و لە 45 چرکەدا دەگوازرێنەوە بۆ بەشی بەرپرس. هەموو بەشەکانی خزمەتگوزاری و ئاسایش بەیەکەوە ئامادەن خزمەتی میوانانی رەحمان بکەن".
 
جگە لەو ناوەندە تەلەفۆنییە پێشکەوتووەش، کامێرای چاودێری و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بۆ چاودێریکردنی حاجییەکان بەکاردەهێنێت.
 
کامێراکان توانای ئاگادارکردنەوەیان لەکاتی پشێوی و حاڵەتی نەخوازراودا هەیە، تاوەکو هەرچییەک رووبدات، پۆلیس راستەوخۆ بگاتە شوێنی رووداوەکە و بەزووترین کات چارەسەری بکات. 
 
محەممەد بەسامی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی حەج باسی ئەوە دەکات "سێ وەرزی حەجمان لە دوای پەتای کۆڤیدەوە بەڕێکردووە. ئەمساڵ دەگەڕێینەوە سەر هەمان ژمارەی پێش کۆڤید. لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا ئەزموونی زۆرمان پەیداکردووە و ئامادەین بۆ حەجی ئەمساڵ".
 
لە ئایینی ئیسلام، مەککە بە پیرۆزترین شوێن دادەنرێت، ساڵانە نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار کەس بۆ حەجکردن روو لە مەککە دەکەن و لە ساڵی 2022ـشدا، زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس عومرەیان کردووە.
 
حەجکردن، یەکێک لە 5 پایەکانی ئیسلامە و موسڵمان لەسەری فەرزە ئەگەر توانای جەستەیی و دارایی هەبێت، حەج بکات.