دادگەی نێودەوڵەتیی داد بۆ ئیسرائیل: دەستبەجێ هێرشەکانی سەر رەفەح بوەستێنە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر داوای ئەفریقای باشوور، دادگەی نێودەوڵەتیی داد بڕیاری راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی نێو رەفەحی دەرکرد و بە ئیسرائیلی راگەیاند: "دەستبەجێ بوەستە و دەروازەی رەفەحیش بکەوە". 
 
دوای دانیشتنەکە نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ چەند وەزیرێک کۆدەبێتەوە. حەماسێش دەڵێت، دەبوو بڕیارەکە بۆ هەموو کەرتی غەززە بووایە.
 
رۆژی هەینی، 24-05-2024، دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە لاهای، هۆڵەندا لەسەر داوای ئەفریقای باشوور دەستی بە دانیشتن کرد. وڵاتە ئەفریقییەکە داوای لە دادگەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ ئەوەی داوا لە ئیسرائیل بکات "هێرش و ئۆپەراسیۆنی سەر شاری رەفەح بوەستێنێت، هەروەها رێگە بۆ ناردنی هاوکاری بکاتەوە."
 
نەواف سەلام، سەرۆکی دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە دانیشتنەکە گوتی: "دادگە بڕیاریداوە بۆ ئەوەی داوا لە ئیسرائیل بکات هەر ئێستا ئۆپەراسیۆنەکانی لە رەفەح رابگرێت و دەروازەی رەفەحیش بۆ ناردنە ژوورەوەی هاوکاری بە کراوەیی بهێڵێتەوە."
 
سەرۆکی دادگە هەروەها رایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل بەبێ دروستکردنی هیچ کۆسپێک رێگە بدات چەند لێکۆڵەرێک بچنە غەززە و لێکۆڵینەوە بکەن.
 
دادگەکە هەروەها داوای لە ئیسرائیل کرد لە ماوەی مانگێکدا راپۆرتێک پێشکێشی دادگەکە بکات و باسی ئەو هەنگاوانە بکات کە کاری لەسەر کردووە.
 
دادگەکە پێیوایە ئەو دۆخەی ئێستا لە غەززە هەیە، "دەبێتە هۆی زیانگەیاندنێکی زۆر بە مافی هاووڵاتییەکانی غەززە کە چاکناکرێتەوە."
 
هەرچی لەبارەی بارمتەکانەوەیە، دادگەکە رایگەیاند: "جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە کە هێشتا بارمتەکان دەستبەسەرن، بانگەوازی خۆمان بۆ ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی ئەوان دووپات دەکەینەوە."
 
ئایا ئیسرائیل ناچارە گوێ بە دادگەکە بدات؟
 
دادگەی نێودەوڵەتیی داد هەر بڕیارێک بدات، بڕیاری کۆتاییە و پابەندکەرە بۆ ئەو وڵاتانەی لەنێو کێشەکەدان، واتا لەو دۆسیەیە پێویستە فەلەستین و ئیسرائیل پابەندی هەر بڕیارێک بن کە دادگەکە دەریدەکات. قۆناخی دووەم جێبەجێکردنی بڕیارەکەیە، بەهۆی ئەوەی دادگەکەی لاهای هیچ هێزێکی پۆلیسی نییە، بۆیە ناتوانێت بڕیارەکە جێبەجێ بکات بەڵکو بڕیارەکە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنێرێت بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت. 
 
ئەنجوومەنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت وا لە وڵاتەکان [بۆ نموونە ئیسرائیل] بکات بڕیارەکە جێبەجێ بکات، بەڵام دەبێت پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنەکە ڤیتۆ نەکەن و هەموویان دەنگی بەڵێ بدەن. هەر ئەندامێک بە نەخێر دەنگ بدات و ڤیتۆ بکات، بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت.
 
ئەمریکا، رووسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانن. 
 
پێش دانیشتنی دادگەکە ئیسرائیل رایگەیاند: "ئەگەر بڕیارێک بۆ راگرتنی چالاکیی سەربازی بدرێت، ئەوە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ پەڕگیرەکانی حەماس و رێگە لە ئازادکردنی بارمتەکان دەگرێت."
 
کاردانەوەکان
 
دوای تەواوبوونی دانیشتنی دادگەکە، کاردانەوەکان دەستیان پێکرد. نالێدی پاندۆر، وەزیری دەرەوەی ئەفریقای باشوور رایگەیاند: "پێموایە بڕیارەکەی ئەمجارە زۆر بەهێزترە و بانگەوازێکی زۆر روونە بۆ راگرتنی جەنگ. بڕیارەکەی دادگە پابەندکەرە و ئیسرائیلیش دەبێت پابەند بێت."
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سەرۆکوەزیران لەگەڵ چەن وەزیرێکی کابینەکەی بە تەلەفۆن کۆبوونەیەوەک دەکات.
 
بزووتنەوەی حەماس پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد و گوتیان: "چاوەڕێمان دەکرد بڕیارەکە بۆ هەموو غەززە بێت، تاوانەکانی جەبالیا و شارەکانی دیکەی کەرتەکە، هیچیان لە رەفەح کەمتر نین."
 
بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل لە ئێکس نووسی: "بەردەوام دەبین لە شەڕکردن بۆ خۆمان و هەموو جیهانی ئازاد، مێژوو سزای ئەوانە دادەت کە ئەمڕۆ لەگەڵ نازییەکانی حەماس و داعشدا دەوەستن." 
 
لەلایەکی دیکە، یائیر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل رەخنەی لە دادگەکە کرد کە نەیتوانیوە "راگرتنی شەڕ لە رەفەح، گەڕاندنەوەی بارمتەکان و مافی ئیسرائیل بۆ بەرگری لەخۆکردن" پێکەوە ببەستێتەوە و ئەمەش "داڕمانی ئەخلاقە."
 
لاپید رەخنەی لە کابینەی سەرۆکوەزیران گرت و گوتی: "لەگەڵ نەتەنیاهوو سەرناکەوین."
 
نەبیل ئەبو رودەینە، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی فەلەستین پێشوازیی لە بڕیارەکە کرد و بە "سازانی نێودەوڵەتی" ناویبرد.
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دوای هێرشێکی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. جەنگەکە حەوت مانگە بەردەوامە. تەندروستیی غەززە دەڵێت، 35 هەزار و 800 کەس کوژراون، زیاتر لە 80 هەزار کەس برینداربوون.