عەباس عێراقچی: کەس ناوێرێت هێرش بکاتە سەر ئێران

24-03-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کەس ناوێرێت هێرش بکاتە سەر ئێران و راشیگەیاند، "دڵنیام شەڕ ڕوونادات، چونکە ئێمە بەتەواوی ئامادەکاریمان بۆ دۆخێکی لەو شێوەیە کردووە."
 
رۆژی دووشەممە، 24ی ئاداری 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانی کرد و لەوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی و هەڕەشەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا رایگەیاند، "دڵنیام شەڕ روونادات، چونکە ئێمە ئامادەکاریی تەواومان بۆ ئەم دۆخە کردووە. ئەگەر ئامادەکاریمان نەبێت، شەڕ بەسەرماندا دەسەپێندرێت، ئەم ئامادەکارییەش، ئامادەکاریی هێزە چەکدارەکان و تیمەکانی فریاگوزاریمان لەخۆدەگرێت."
 
بە گوتەی وەزیری دەرەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران بە بێ پشوودان لە ئامادەباشیی تەواودان. گوتیشی، "ئێستا حکومەت لە هەموو بوارەکاندا و بۆ هەر بارودۆخێک ئامادەیە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، "دڵنیام کەس تەنانەت بیر لە هێرشکردنە سەر ئێرانیش ناکاتەوە، چونکە ئاشنان بە ئەنجامەکانی و دەزانن کە بەشە جیاوازەکان بە هێزی چەکدار، هێزی فریاگوزاری، حکومەت و تواناکانی خەڵکەوە هەموو ئامادەکارییەکی تەواویان هەیە و ئەم ئامادەییەش پارێزبەندیمان بۆ دروست دەکات."
 
هەر هەمان رۆژ، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی دیکەدا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەی گفتوگۆکردنە لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمییەکەی.
 
عەباس عێراقچی گوتی، "رێگەکە بۆ گفتوگۆکردنی ناڕاستەوخۆ کراوەیە"؛ هاوکات رەتیشیکردەوە تاران بەشێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکادا بکات "تاوەکو ئەو دەمەی هەڵوێستی لایەنی بەرامبەر لە ئاست کۆماری ئیسلامی دەگۆڕێت."
 
بە گوتەی عێراقچی، "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر سیاسەتی ئەوپەڕی گوشارەکان یان هەڕەشەکردن، هەرگیز تێکەڵ بە گفتوگۆی راستەوخۆ نابێت."
 
لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری بۆسەر ئێران زیندوو کردەوە کە لە خولی یەکەمیدا لە دوای کشانەوەی لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، پەیڕەوی کردبوو.
 
رۆژی 07ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناردەوە و بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە یان بە دانوستاندن یان بە شەڕ دەبێت پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران یەکلایی بکرێتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای عێراق و ئێران

ئێران لەبارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا هۆشداری دەداتە عێراق

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی سەبارەت بە ئەگەری خراپبەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە و ئاسمانی ئەو وڵاتانە هۆشداری دا. عەباس عێراقچی هەروەها رەتیکردەوە، ئێران بە بەڵگەی ساختەی عێراقی نەوتی فرۆشتبێ.