ئیسرائیل: نامانەوێت رووبەڕووبوونەوەی سەربازیمان لەگەڵ تورکیا هەبێت

24-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، نایانەوێت هیچ رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازییان لەگەڵ تورکیا هەبێت، ئینجا لە سووریا بێت یان هەر شوێنێکی دیکە. 
 
رۆژی دووشەممە، 24ـی ئاداری 2024، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی هەڵوێستی ئیسرائیل بەرامبەر بوونی سەربازیی تورکیا لەنێو خاکی سووریا رایگەیاند، "نامانەوێت هیچ رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیمان لەگەڵ تورکیا هەبێت، ئینجا ئەوە لە سووریا بێت یان هەر شوێنێکی دیکە." 
 
لە هەمان کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر سووریا رایگەیاند، "لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل باسمان لە هەنگاوەکانی ئیسرائیل لە سووریا کرد. پێمان وایە ئەو کارانە پێویست نین، چونکە سووریا هێرشی نەکردووەتە سەر ئیسرائیل. پێمان وایە ئەو هەنگاوانە تووندڕۆیی زیاتر لە ناوچەکە دروست دەکەن."

 

لەبارەی پەیامیان بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، ئەو بەرپرسە ئەورووپییە گوتی، "نیگەرانییەکەمان لە حکومەتی نوێ ئەوەیە؛ شتی باش دەڵێن، بەڵام ئایا شتی باش دەکەن؟ ئێمە لەنێو ئەندامانی یەکێتییەکە باسی دۆخی سووریامان کردووە و بۆچوونی ئێمە ئەوەیە؛ پێویستە سووریایەکی سەقامگیر هەبێت." 
 
ئەو بەرپرسە ئەورووپییە گوتی "خەڵکی سووریا رووبەڕووی نەهامەتی زۆر بوونەتەوە و ئەو وڵاتە، وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، پێویستە ئەوانیش لەنێو حکومەت بن. ئێمەش بەردەوام گوشارمان خستووەتە سەر دەسەڵات تاوەکو هەنگاوی دروست بنێت." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای عێراق و ئێران

ئێران لەبارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا هۆشداری دەداتە عێراق

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی سەبارەت بە ئەگەری خراپبەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە و ئاسمانی ئەو وڵاتانە هۆشداری دا. عەباس عێراقچی هەروەها رەتیکردەوە، ئێران بە بەڵگەی ساختەی عێراقی نەوتی فرۆشتبێ.