رووداو دیجیتاڵ
میدیای حووسییەکان دەڵێت، شەوی رابردوو ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر سەنعای پایتەختی یەمەن و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و 13ی دیکەش بریندار بوون، کە منداڵیشیان تێدایە.
میدیاکە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، کە باڵەخانەیەکی رووخاو لە سەنعا پیشاندەدات، هەروەها کارمەندانی بەرگریی شارستانیی یەمەن لە شوێنەکە ئامادەن.
رۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی "ترووس سۆشیاڵ"ی خۆی نووسی، حووسییەکانی یەمەن "بە تەواوی لەنێودەبرێن."
حووسییەکان لە تشرنی دووەمی ساڵی 2023وە دەستیان بە هێرش بۆسەر کەشتییەکانی سەر بە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی کردووە، بۆئەوەی بە گوتەی خۆیان، لەو رێگەیەوە یارمەتیی کەرتی غەززە بدەن.
لەو کاتەوە، زیاتر لە 100 کەشتیی بازرگانییان بە مووشەک و درۆن کردووەتە ئامانج، دوو کەشتییان نوقم کردووە و چوار دەریاوانیان کوشتووە.
هێرشی ئەمریکا بۆسەر حووسییەکان لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ سەرەتای هەفتەی رابردوو دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا هێزی ئاسمانیی ئەمریکا دەیان پێگەی بۆردوومان کردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ