ئەمریکا و رووسیا لە سعودیە لەبارەی ئۆکراینا کۆدەبنەوە

24-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بەرپرسانی ئەمریکا و رووسیا لە ریازی پایتەختی سعودیە کۆدەبنەوە، بۆئەوەی دانوستاندن لەبارەی ئاگربەستێک بۆ شەڕی ئۆکراینا بکەن.
 
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی کیێڤ و واشنتن دوێنێ لە ریاز گفتوگۆی دووقۆڵیی تایبەتیان کرد، کە لایەنی ئۆکراینی بە ئەرێنی باسی دەکات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی لە کۆتاییهێنانی خێرای شەڕی سێ ساڵەی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەکات و، هیواخوازە گفتوگۆکانی ریاز بتوانن رێگەی ئاشتی خۆش بکەن.
 
هەردوو لایەنی ئەمریکی و رووسی، پلانی جیایان بۆ ئاگربەستێکی کاتی پێشنیاز کردووە، بەڵام لەم نێوەندەدا هێرشە سنووربڕەکان بێ وچان بەردەوامن.
 
سەرەتا بڕیار بوو هەموو کۆبوونەوەکان لە یەک کاتدا بکرێن بۆ ئەوەی شاندی ئەمریکی وەک نێوەندگیر هاتووچۆ لە نێوان ئۆکراینییەکان و رووسەکاندا بکات، بەڵام ئێستا کۆبوونەوەکان یەک لە دوای یەک بەڕێوەدەچن.
 
کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئۆکراینا بە سەرۆکایەتی روستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگری و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ درەنگانی شەوی یەکشەممە کۆتاییهات.
 
ئومێرۆڤ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتی: "گفتوگۆکە بەرهەمدار و ئامانجدار بوو. باسمان لە خاڵە سەرەکییەکان کرد، لەنێویاندا وزە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد ئۆکراینا کاردەکات بۆ ئەوەی ئامانجی "ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام" بێنێتەدی.
 
ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ گەشبینی خۆی دەربڕی کە هەر رێککەوتنێک بکرێت، رێگە بۆ ئاگربەستێکی "تەواو" خۆش دەکات.
 
ویتکۆف بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "پێم وایە رۆژی دووشەممە هەندێک پێشکەوتنی راستەقینە لە سعودیە دەبینرێن، بەتایبەتی کاریگەری لەسەر ئاگربەستی دەریای رەش لەسەر کەشتییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت. لەوەشەوە سەردەکێشێت بۆ ئاگربەستی تەواو."
 
پرسە هەڵپەسێردراوەکان
 
بەڵام کرێملین رۆژی یەکشەممە، ئەگەرەکانی گەیشتن بە چارەسەرێکی خێرای کەمکردنەوە.
 
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت: "ئێمە تازە لە سەرەتای ئەم رێگەیەین."
 
گوتیشی، زۆر پرسیاری هەڵپەسێردراو هەن لەبارەی ئەوەی چۆن ئاگربەست جێبەجێ دەکرێت.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوای وەستانی تەواو و دەستبەجێی جەنگی بۆ 30 رۆژ رەتکردەوە و لەبری ئەوە پێشنیازیکرد تەنیا هێرشەکان بۆ سەر کەرتی وزەی ئۆکراینا بوەستێنێت.
 
پێسکۆڤ دەڵێت، "دانوستاندنی سەختمان لەپێشە."
 
پێسکۆڤ گوتی، سەرنجی "سەرەکیی" دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ئەگەری دەستپێکردنەوەی رێککەوتنی ساڵی 2022ی هەناردەی دانەوێڵەی دەریای رەش دەبێت.
 
ئەو رێککەوتنە بوار بە ناردنی دانەوێڵە و بەرهەمی کێڵگەکانی ئۆکراینا و رووسیا لە رێگەی دەریای رەشەوە بۆ بەندەرەکانی جیهان دەدات. 
 
بە گوتەی پێسکۆڤ، "رۆژی دووشەممە بەنیازین بە شێوەیەکی سەرەکی تاوتوێی رێککەوتنی سەرۆک پووتین بکەین بۆ دەستپێکردنەوەی دەستپێشخەریی بەناو دەریای رەش و دانوستاندنکارەکانمان ئامادە دەبن بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئەم پرسە."
 
مۆسکۆ ساڵی 2023 لە رێککەوتنەکە کشایەوە کە بە نێوەندگیری تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرابوو.
 
مۆسکۆ رۆژئاوای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بەڵێنەکان بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر هەناردەی بەرهەمی کشتوکاڵی و پەیینی رووسیا نەبردە سەر.
 
بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینا پێشتر رایگەیاندبوو، کیێڤ پێشنیازی ئاگربەستێکی فراوانتر دەکات کە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزە، ژێرخانی ئابووری و هێرشە دەریاییەکان دەگرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای عێراق و ئێران

ئێران لەبارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا هۆشداری دەداتە عێراق

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی سەبارەت بە ئەگەری خراپبەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە و ئاسمانی ئەو وڵاتانە هۆشداری دا. عەباس عێراقچی هەروەها رەتیکردەوە، ئێران بە بەڵگەی ساختەی عێراقی نەوتی فرۆشتبێ.