رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل شەوی یەکشەممە گەورەترین نەخۆشخانەی باشووری ناوچە فەلەستینییە گەمارۆدراوەکەی بۆردوومانکرد، کە بووە هۆی کوشتنی کەسێک و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە و کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە.
زیانەکە بەر بەشی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خان یوونس کەوت، ئەمەش چەند رۆژێک دوای ئەوەی ئەم نەخۆشخانەیە پڕ بووە لەوانەی بەهۆی هێرشی چەند رۆژ لەمەوبەری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، سەرەڕای ئاگربەست، بریندار بوون یان کوژراون.
سوپای ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە؛ هێرشی کردووەتە سەر نەخۆشخانەکە و رایگەیاند "چەکدارێکی حەماسی" کردووەتە ئامانج.
هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان، بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، تاوانی جەنگە، بەڵام ئیسرائیل بەرپرسیاریێتیی کوژرانی خەڵکی سڤیل دەخاتە ئەستۆی حەماس، بەو بیانووەی "لەنێو خەڵکدا خۆیان دەشارنەوە."
وەک دامەزراوەکانی دیکەی تەندروستی لە سەرتاسەری غەززە، نەخۆشخانەی ناسر لە کاتی شەڕەکەدا کە 17 مانگ لەمەوبەر دەستیپێکرد، بەر هێرش و بۆردوومانی ئیسرائیل کەوتووە و زیانی گەورەی پێگەیشتووە.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە دوێنێ (یەکشەممە، 23-3-2025) رایگەیاند؛ زیاتر لە 50 هەزار فەلەستینی لە شەڕەکەدا کوژراون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەوەتەی لە رۆژی سێشەممەوە دەستی بە جەنگ کردووەتەوە، "دەیان چەکدار"ـی حەماسی کوشتووە، لە ژمارەیەک هێرشدا کە بوونە هۆی کوژرانی سەدان کەس.
رۆژی یەکشەممە، ناڕەزایەتییەکان لە ئیسرائیل سەبارەت بە غەززە و کێشە سیاسییەکان پەرەیان سەند. تووڕەیی بەرامبەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل زیادبوون، دوای ئەوەی بڕیاردرا متمانە لە داواکاری گشتیی ئیسرائیل بسەندرێتەوە، کە لەلای زۆر کەس وەک هاوسەنگکەری دەسەڵاتی هاوپەیمانێتییەکەی سەیردەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ