ماکرۆن بۆ نەتەنیاهوو: راگواستنی زۆرەملێی خەڵک لە رەفەح تاوانی جەنگە
رووداو دیجیتاڵ
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرۆکی فەرەنسا بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "راگواستنی زۆرەملێی خەڵکی رەفەح بە تاوانی جەنگ دادەنرێت."
رۆژی یەکشەممە، 24-03-2024، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی گوت، "هەر راگواستنێکی زۆرەملێی خەڵکی غەززە لە شاری رەفەح دەبێتە تاوانی جەنگ."
نەتەنیاهوو بڕیاریداوە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لە شاری رەفەحی باشووری غەززە کە هاوسنووری میسرە بکات و بەگوتەی خۆی، "چارەکێک حەماس لەوێ ماون و لەنێویان دەبەین، ئەگەرنا سەرکەوتنی تەواوەتی بەدەست ناهێنین."
سەرۆکی فەرەنسا هەروەها بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی گوتووە، "سەرکۆنەی ئەو بڕیارە دەکەم کە بڕیارت داوە 800 هێکتار زەوی لە کەرتی رۆژئاوا بۆ جووی هاوردەی نوێ تەرخان بکەیت."
کۆشکی ئێلیزی راشیگەیاند، سەرۆکی فەرەنسا هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە "ئازادکردنی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس بۆ پاریس وەک کارێکی لە پێشینە دەمێنێتەوە."
سەرۆکە فەرەنسییەکە هەروەها پێشنیازی کردووە کە بەم زووانە فەرەنسا رەشنووسی پڕۆژەبڕیارێک پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بەردەوام "بۆ ئەوەی ببێتە بناخەیەک بۆ چارەسەرێکی سەرتاسەریی ئەو گرژییە دامەزراندنی دوو دەوڵەت."
ماکرۆن داوای لە نەتەنیاهوو کردووە کاری پێویست بکرێت بۆ ئەوەی هەموو خاڵە سنوورییەکان بکاتەوە و هاوکاریی پێویست بگاتە دەست خەڵک.
تا ئێستا دیار نییە نەتەنیاهوو کەی بە نیازە ئۆپەراسیۆنی رەفەح بکات، بەڵام گوشارە نێودەوڵەتییەکان زۆرن و داوای لێدەکەن بەبێ پلان نەچێتە نێو شارەکە.