بۆ گفتوگۆی جەنگی غەززە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەردانی ئەمریکا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە، وەزیری بەرگریی سەردانی ئەمریکا بکات و ئامانجی سەردانەکەشی جەنگی غەززە و بارمتەکان دەبێت.
رۆژی شەممە، 23ـی ئاداری 2024، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە (ئەمڕۆ) یۆواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەردانی واشنتن دەکات و لەوێ لەگەڵ لۆید ئۆستن، هاوتا ئەمریکییەکەی، جەیک سولەیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وڵاتەکە کۆدەبێتەوە.
لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە ئەمە بە یەکەم سەردانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا دادەنرێت.
لەو راگەیێندراوەیدا وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە داوە، لەو کۆبوونەوانەدا "لایەنەکان گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەکانی جەنگ لە دژی رێکخراوی تیرۆریستیی حەماس لە غەززە، هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە دەکەن."
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو سەردانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جیایە لەو وەفدەی کە رۆژی دووشەممەی رابردوو، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردبوو سەردانی واشنتن بکەن؛ ئەمە بۆ دوورکەوتنەوەیە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رەفەح.
ئەو سەردانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، رۆژی هەیینی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ جاری شەشەم سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد. لە ئیسرائیل داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتە کرد ئۆپەراسیۆن بۆ سەر شاری رەفەح نەکات و رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی رەفەح دەبێتە هۆی گۆشەگیرکردنی تەلئەڤیڤ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە بەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ئۆپەراسیۆنی رەفەح و ئەو کارە دەکەن تەنانەت ئەگەر بەبێ پاڵپشتی ئەمریکاش بێت.
جەنگی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە پێنج مانگ و نیوە بەردەوامە و رۆژ بە رۆژیش ژمارەی قوربانییانی هەردوولا زیاتر دەبن.
تاوەکو ئێستا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی رازیکردنی لایەنەکانی جەنگەکە، بە رێککەوتن لەسەر ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان.