گالەری


رووداو - تائیف

زیاتر لە کاژێرێک مابوو بۆ بانگی نیوەڕۆ، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی تائیف، کە لە مزگەوتی عەبدوڵڵای کوڕی عەباس دانیشتبوون، دەستیان بە قورئان خوێندن کرد، ئەوان خەڵکی هەمان ئەو شارەن کە پێغەمبەری ئیسلامیان (د.خ) بەردباران کرد.
 
ئەو مزگەوتە لە ساڵی 592ـی کۆچی لە تائیف دروستکراوە. شارەکە بە دووریی 75 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری مەککە، ژمارەی دانیشتووانی بەپێی مەزەندەی ساڵی 2020 بە 688 هەزار کەس خەمڵێندراوە، شەشەمین گەورە شارە لە سعودیە لەڕووی زۆریی ژمارەی دانیشتووانەوە. تائیف بەھۆی هەبوونی ھاوینەھەواری شاخاوی و کەشوھەوای فێنکەوە، لەڕووی گەشتیارییەوە بەنێوبانگە.
 
وەک لە کتێبی ( گۆڵاوی سەرمۆر)ـی ژیانی پێغەمبەردا ( د.خ) هاتووە، کە پێغەمبەر( د.خ) لە ساڵی 10ـی پێغەمبەرایەتی، دوای ئەوەی ئەبووتالیبی مامی کۆچی دواییکرد و قوڕەیشییەکان زیاتر ئازاری موسڵمانانیان دا، پێغەمبەر ( د.خ) بە هاوەڵێتی زەیدی كوڕی حارس رووی لە شاری تائیف کرد، بەڵام پێشوازییان لێ نەکرد و منداڵان و هەرزەکارانیان هاندران بەردبارانیان بکەن.
 
وەک لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە، لەوێدا پێغەمبەر ( د.خ) دوای بەردبارانکردنی نزایان بۆ دەکات و دەڵێت، "هیوام وایە خوای گەورە لە پشتی ئەمانە نەوەیەک بخاتەوە، تەنیا خوای گەورە بپەرستێت و هیچ هاوبەشێكی بۆ بڕیار نەدات".