ڤیدیۆ.. شیرینیی سووری و تەسبیح فرۆشتن لە شەقامەکانی ریاز لە رەمەزاندا


رووداو دیجیتاڵ

لە دووکانێکی فرۆشتنی شیرنەمەنیی سووریی لە ریازی پایتەختی سعودیە؛ محەممەد شامخ دەبینن کە بە رەچەڵەک سوورییە و چەند ساڵێکە لەوێ شیرینی دەفرۆشێت. لە مانگی رەمەزاندا، پاقلاوە، کونافە و چەند شیرنەمەنییەکی تایبەت بە کولتووری وڵاتەکەی دەفرۆشێت. 
 
محەممەد شامخ خۆی وەستای دروستکردنی شیرینییە، دەڵێت: "رەمەزان تایبەتە؛ لەبەر چەند شتێک، وەکو شیرینی خۆماڵی و ئەو خواردنەوانەی تەمەرهیندی و تووی شامییان تێدایە. جگە لەوەش، شیرینییەکی تایبەتی سووری هەیە کە پێیدەگوترێت مەعرووک و تەنیا لە رەمەزاندا دروستدەکرێت." 
 
لەدوای دەستپێکردنی قەیرانی سووریاوە لە ساڵی 2011، نزیکەی 2.5 ملیۆن هاووڵاتیی سووریا روویانکردووەتە سعودیە و کولتووری وڵاتەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە. 
 
عەلی محەممەد، تەسبیح فرۆشێکی سوورییە و لەسەر شەقامێکی ریاز تەسبیح بە نەخشی جیاوازەوە دەفرۆشێت. دەڵێت: "من تەنیا رەمەزانان دێمە ئێرە. خەڵکی بانگم دەکەن بۆ ئەوەی تەسبیحم لێبكڕن. من بۆ ماوەی 40 ساڵە لەم وڵاتە دەژیم." 
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی بانگی ئێوارە، ژنان، پیاوان و منداڵان بە کیسێک شیرینییەوە دەگەڕێنەوە ماڵەوە و خوان بۆ بەربانگ ئامادە دەکەن.