پاسەوانی سنووری عێراق: 970 کامێرای پێشکەوتووی چاودێری لە سنوورەکان دانراون

24-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق دەڵێت، نیوەی رووبەری سنوور لەگەڵ سووریا دیواری کۆنکرێتی، تەلبەند و خەندەق کراوە، لەگەڵ تورکیاشدا خاڵی چاودێری و کامێرای پێشکەوتوو دادەنێن.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 24ـی شوباتی 2025) عەقید حەیدەر کەرخی، گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زیاتر لە 300 کیلۆمەتر لە سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا دیواری کۆنکرێتی کراوە و ئێستا کار بۆ دانانی دیواری کۆنکرێتی دەکرێت لە 95 کیلۆمەتری دیکەدا، کۆمپانیای دروستکردنی دیوارە کۆنکرێتییەکانیش لە کارکردن بەردەوامە."
 
عەقید حەیدەر کەرخی دەڵێت، "لە سەروو دیوارە کۆنکرێتییەکانەوە تێلی دڕکدار دانراوە. ئەو ناوچانەش کە ناتوانین دیواریان تێدا دابنێین، خەندەقمان لێداوە و هەندێک ناوچەش تەلبەندی بی ئار سی کراوە."
 
لەبارەی تووندوتۆڵکردنی سنوورەکان لەگەڵ تورکیا و ئێران، گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "تاوەکو ئێستا هیچ رێنماییەکمان بۆ دانانی دیواری کۆنکرێتی لە سنوورەکانمان لەگەڵ ئێران پێنەگەیشتووە، بەڵام لە سنوورەکانی تورکیادا بنکەی چوار پایەیی دروست دەکەین و کامێرای پێشکەوتووی چاودێری دادەنێین. کە بە کۆی گشتی ئێستا لە سنوورەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، زیاتر لە 970 کامێرای پێشکەوتووی چاودێری دانراون و کامێرای زیاتریش دادەنرێت."
 
گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی قاچاخ لە سنوورەکانەوە گوتی، "لە سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا و ئێران مانگانە چەندین کەس دەستگیر دەکرێن کە دەیانەوێت بە قاچاخ بێن، بۆ نموونە کۆتایی هەفتەی رابردوو 6 کەسمان لە سنوورەکانی ئێران لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرد کە بەنیازبوون بە نایاسایی بێنە نێو خاکەکەمانەوە."
 
بە گوتەی عەقید حەیدەر کەرخی، "هێڵی یەکەمی سنوور تەنیا هێزەکانی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری تێدا جێگیرن، بەڵام وەکو هێزی پشتیوانی بۆ حاڵەتی نەخوازراو، لە هێڵی دووەم و سێیەمدا هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپا هەن. بۆ نموونە لە سنوورەکانمان لە هەرێمی کوردستان هێزەکانی پێشمەرگە لە هێڵی دووەمدان، لە ناوچەکانی دیکە حەشد و سوپا هەن."
 
عێراق لەگەڵ ئێران بە رووبەری هەزار و 420 کیلۆمەتر، لەگەڵ تورکیا 335 کیلۆمەتر و لەگەڵ سووریا 618 کیلۆمەتر سنووری هەیە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە