ئەردۆغان دەڵێت لەگەڵ رەئیسی باسیان لە بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە و پژاک کردووە

24-01-2024
هێمن عەساف
ئەردۆغان رایگەیاند 10 رێککەوتنیان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد، وێنە: AA
ئەردۆغان رایگەیاند 10 رێککەوتنیان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد، وێنە: AA
نیشانەکردن ئەردۆغان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئێران، رایگەیاند لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پێداگیرییان لە پشتیوانیی زیاتری ئێران کردووە، هەروەها جەختیان لە پەرەپێدانی زیاتری هاوکاری و هاوئاهەنگی لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی دژ بە پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە و پژاک کردووە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران دوای کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی شاندە هاوبەشەکەی نێوانیان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دەسپێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە تەقینەوەکانی شاری کرمان کرد، کە رۆژی سێی ئەم مانگە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی روویاندا وم گوتی "تورکیا لە پاڵ ئێرانە لە خەباتی بەرەنگاربوونەوەی دژی تیرۆر."
 
ئەردۆغان باسی لەوەکرد، بایەخ بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێرانی دراوسێ و دۆست دەدەن لەسەر بنەمای متمانە و بەرژەوەندی قوڵی هاوبەش. جەختی لەوەشکردەوە کە ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوە هاوبەشەکانیاندا داویانە، تەنیا لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات نابێت، "بەڵکو بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ناوچەکەش گرنگە." 
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی "لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، پێداگریمان لە پشتیوانیی زیاتری ئێرانی دراوسێمان کرد. جەختمان لە پەرەپێدانی زیاتری هاوکاری و هاوئاهەنگییەکانمان کرد لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش دژی پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە و پژاک، کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەمانیان کردووەتە ئامانج."  
 
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران پرسێکی دیکەی دیداری رەئیسی - ئەردۆغان بوو. 
 
ئەردۆغان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، گوتی "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان سەرووی 30 ملیار دۆلارە و پێمانوایە دەبێ بەرەو باشتر هەنگاو بنێین. پێکەوە باسمان لەو کێشە و ئاستەنگانە کرد کە کاریگەرییان لەسەر بازرگانیی نێوانمان هەیە و لە رێگەی وەزارەتەکانمانەوە بڕیاری چارەسەرکردنیان درا."
 
وەزیرانی دەرەوە، رێگەوبان و شارسازی، بازرگانی، نەوت، کارەبا و وزە، ناوخۆ و بەرگری لەگەڵ ژمارەیەک راوێژکار و راگەیاندنکارانی ئێران، یاوەریی ئیبراهیم رەئیسی بوون لە سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە. 
 
هاوکات، شاندی باڵای تاران - ئەنقەرە، واژۆیان لەسەر 10 رێککەوتننامەی هاوبەش لە بوارەکانی کولتوور، زانست، راگەیاندن، ناوخۆ، گواستنەوە و گەیاندن، بازرگانی و ئابووری کرد. 
 
ئەردۆغان گوتی "بەردەوام کاردەکەین لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشە باڵاکانی نێوانمان." 
 
لە کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشدا بڕیار لەسەر کردنەوەی دوو دەروازەی نوێ درا و ژمارەی دەروازە و خاڵە گومرگییەکان بۆ پێنج دەروازە زیاد دەکرێن.
 
دەروازەی گومرگیی گوربوڵاک لە پارێزگای ئاگری، ئەسەندەرە لە پارێزگای جۆلەمێرگ، دیلئوجو لە پارێزگای ئیدر لە باکووری کوردستانن. جگە لەمەش دەروازەی وان هەیە کە گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لێیەوە سەردانی وان و پارێزگەکانی دیکەی باکووری کوردستان دەکەن.
 
ئەگەر ئێران رەزامەندی بدات، دەروازەیەکی دیکەش لەنێوان وان و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە. ئەم پێشنیازەی تورکیا لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو 2.3 ملیۆن گەشتیار لە ئێرانەوە سەردانی تورکیایان کردبوو. لە بەرامبەردا 357 هەزار گەشتیار لە تورکیاوە سەردانی ئێرانیان کردبوو.
 
لە 2014ـەوە، لووتکەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای هاوئاهەنگی لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی کۆماری هەردوو وڵات دەکرێت.
 
بڕیار بوو ئیبراهیم رەئیسی رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2024، سەردانی ئەنقەرە بکات، بەڵام رۆژێک پێشتر و لە 3ـی مانگ لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دوو تەقینەوە روویاندا و بوونە هۆی کوژرانی 92 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە، بەمەش سەردانەکە هەڵوەشایەوە. 
 
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە، رۆژی 18ـی تەممووزی 2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئیبراهیم رەئیسی، سەردانی تارانی کردبوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.