رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
برێت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆک بایدن بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. وێنە: ئەرشیڤ/MAZEN MAHDI/AFP
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەمریکا، نوێنەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی رەوانەی ناوچەکە کرد، ئەمەش وەکو هەوڵێکی ئیدارەی بایدن بۆ راگرتنی جەنگی سێ مانگ و نیوی ئیسرائیل و حەماس و کاریگەرییە بەرفراوانەکانی ئەو جەنگە لە ناوچەکە.
رۆژی سێشەممە 23-01-2024 کۆشکی سپی رایگەیاند، "برێت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆک بایدن بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەردانی ناوچەکەی کردووە بەو هیوایەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە گفتوگۆ بکات و ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە رابگەیێندرێت و بارمتەکانیش ئازاد بکرێن."
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "مەکگۆرک ئێستا لە میسرە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، بڕیاریشە سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە بکات، تاوەکو بۆچوونی ناوچەکە یەکبخات و دەرفەتی ئاگربەستێکی نوێ بهێنێتە ئاراوە."
لەبارەی ئامانجەکانی سەردانەکەی مەکگۆرک، کێربی ئەوەی خستەڕوو، "یەکێک لەو ئامانجانەی ئەو لە ناوچەکەیە، ئەوەیە کە رێککەوتنێکی دیکە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بکرێت، ئەمەش پێویستی بە ئاگربەستێکی درێژخایەنە. گفتوگۆکان دەربارەی رێککەوتنێکی نوێی ئازادکردنی بارمتەکان جیدییە."
سەبارەت بە ئەگەری دەرفەتێکی دیکە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بۆ نێو غەززە، بەرپرسەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، "بێگومان پشتگریی دەکەین، هەروەها پشتگریی ئاگربەستێکی درێژخایەن دەکەین."
دەستپێکردنی هەوڵە نوێیەکەی واشنتن لە کاتێکدایە، میدیای ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە کە ئیسرائیل لە رێگەی قەتەر و میسرەوە، پەیامێکی بۆ ئیسرائیل ناردووە تاوەکوە ئاگربەستێکی دوو مانگی رابگەیێندرێت لە بەرامبەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر، ئاگربەستێکی یەک هەفتەییان راگەیاند، بەهۆیەوە 105 بارمتە ئازاد کراون و 250 گیراوی فەلەستینیش لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد کران.
ئیسرائیل دەڵێت، هێشتا 132 بارمتە لەژێر دەستی چەکدارە فەلەستینییەکان لەنێو کەرتی غەززە ماون، لەنێویاندا تەرمی 28 بارمتە هەن.
دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی کۆتایی جەنگی غەززە لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئەو جەنگەوە کە لە 7ی تشرینی یەکەمی پارەوە سەریهەڵداوە، زیاتر لە 25 هەزار فەلەستینی کوژراون و لە بەرامبەریش لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ