ئەمڕۆ سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تورکیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە ئەنقەرە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لەم سەردانەدا هەشتەمین لووتکەی باڵای هاوئاهەنگیی تورکیا-ئێران بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان و رەئیسی لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت. لە کۆبوونەوەکانیشدا پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و تاران باسی لێوە دەکرێت و جەخت لەسەر ئەو هەنگاوانە دەکرێتەوە کە بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان پێویستن.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەروەها رایگەیاندووە، جگە لە پەیوەندییەکان، هێرشەکانی سەر غەززە و چەند بابەتێکی دیکەی هەرێمی مژاری گفتوگۆ دەبن.
بڕیار بوو ئیبراهیم رەئیسی رۆژی 04-01-2024، سەردانی ئەنقەرە بکات، بەڵام دوای تەقینەوەکانی شاری کرمان کە رۆژی 3-1-2024 لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران روویاندا و بوونە هۆی کوژرانی 92 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە، سەردانەکە هەڵوەشایەوە.
یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا لە ساڵی 2014 کرا. دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە لە 18-07-2022 بە بەشداری رەجەب تەییب ئەردۆغان لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو. بڕیار بوو لە ساڵی 2023دا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تورکیا بکات و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا بەشدار بێت، بەڵام دوای چەند جار دواخستنی، دواجار سەردانەکە نەکرا.