هەزاران کەس دژی حووسییەکانی یەمەن خۆپیشاندانیان کرد

24-01-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن یەمەن حووسییەکان
A+ A-

رووداو - ئاژانسەکان
 
دوای تێپەڕبوونی ٢ رۆژ بەسەر نامەی دەستلەکارکێشانەوەی عەبد رەبە مەنسور هادی، سەرۆکی یەمەن، بە هەزاران کەس لە خەڵکی یەمەن رژانە سەر شەقامەکانی ئەو وڵاتە و دژی چەکدارە حووسییەکان خۆپیشاندانیان کرد، ئەم خۆپیشاندانە گەورەترین خۆپیشاندان بووە کە لەماوەی رابردوودا لەو وڵاتە ئەنجامدرابێت. لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکی مەئرب و باشووری یەمەن رایانگەیاندووە کە بە  هیچ شێوەیەک گوێرایەڵی فەرمانی سەنعا نابن و دژی حووسییەکان دەوەستنەوە.

ئەمڕۆ ٢٤ی کانوونی دووەم بە هەزاران کەس لە خەڵکی یەمەن رژانە سەر شەقامەکانی ئەو وڵاتە و دژی چەکدارە حووسییەکانی یەمەن خۆپیشاندانیان کرد. شایەتحاڵانی خۆپیشاندانەکە دەڵێن گەورەترین خۆپیشاندان بووە لەو وڵاتە و ژمارەی خۆپیشاندەران بە ١٠ هەزار کەس خەمڵێنراوە.

خۆپیشاندەران لە بەردەم زانکۆی سەنعا تا ماڵی مەنسوور هادی رێپێوانیان کردو دووری زیاتر لە ٣ کیلۆمەتریان بڕی و گەڕانەوە ، ئەوان لەکاتی خۆپیشاندانەکە هوتافیان دەدا بەوەی کە چەکدارە حووسییەکان هەر وەک چەکدارانی ئەلقاعیدەن و هیچ جیاوازییان نییە.

خۆپیشاندەران رێگەیان لێگیرا، کە زۆر لە کۆشکی کۆماری ئەو وڵاتە نزیکببنەوە و هەر بە دەم خۆپیشاندانەوە گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنەی کە خۆپیشاندانەکەیان تێدا دەستپێکردبوو و خۆپیشاندانەکان ئاشتییانە کۆتایی پێهات، ئەم خۆپیشاندانە لە کاتێکدایە کە رۆژی پێشتر بە هەزاران کەس لە لایەنگری حووسییەکان رژابوونە سەر شەقامەکانی سەنعاو هوتافی "مەرگ بۆ ئیسرائیل و مەرگ بۆ ئەمریکا"یان دابوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە