رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەم جار سیخوڕەکانی ئیسرائیل بە وردەکارییەوە چۆنییەتی تەقاندنەوەی پەیجەر و بێتەلەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی ئاشکرا دەکەن.
دوو سیخوڕی پێشووی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی CBSی ئەمریکی بە وردی باسی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان کرد کە ئەندامانی حیزبوڵڵای لە لوبنان و سووریا کردە ئامانج.
سیخوڕەکان قسەیان بۆ بەرنامەی “60 Minutes”ی CBS کردووە کە شەوی یەکشەممە پەخشکرا. بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە، دەمامکیان بەکارهێناوە و دەنگیان بە کۆمپیوتەر گۆڕدراوە.
یەکێک لە سیخوڕەکان ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل 10 ساڵ لەمەوبەر ئامادەکاریی بۆ تەقاندنەوەی بێتەلەکان کردبوو.
سیخوڕێکیان دەڵێت، ئاژانسی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل (مۆساد) تەقەمەنی خستە نێو بێتەلەکان و بەو شێوەیە بە حیزبوڵڵای فرۆشت، بەڵام حیزبوڵڵا هەرگیز نەیزانی فرۆشیارەکە ئیسرائیلی دووژمنیەتی.
پاش تێپەڕبوونی 10 ساڵ، ئەیلوولی ئەم ساڵ، رۆژێک دوای تەقاندنەوەی پەیجەرەکان، دواجار بێتەلەکان تەقێنرانەوە.
سیخوڕەکە کە خۆی بە ناوی "مایکڵ" ناساندووە، دەڵێت: "جیهانێکی ساختەمان دروستکرد."
سیخوڕی دووەم ئاماژە بەوە دەکات، قۆناخی دووەمی پلانەکەیان بەکارهێنانی ئامێری پەیجەر بوو کە ساڵی 2022 دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل زانی حیزبوڵڵا دەستیکردووە بە کڕینی ئامێری پەیجەر لە کۆمپانیایەکی تایوان.
پێویست بوو پەیجەرەکان کەمێک گەورەتر دروستبکرێن بۆ ئەوەی شوێنی تەقەمەنییەکەیان تێدا ببێتەوە.
سیخوڕی دووەم کە خۆی وەک "گابریێل" ناساندووە، دەڵێت، کۆمپانیایەکی وەهمیان لە هەنگاریا دروستکردبوو بۆ ئەوەی کۆمپانیا تایوانییەکە فریوبدەن و بێ زانینی خۆی، رازیبکەن لەگەڵ مۆساد کاربکات و پەیجەرەکانی بۆ دروستبکات، تا ئەوانیش تەقەمەنییەکەی لەنێو دابنێن.
ناوی کۆمپانیا تایوانییەکە ئەپۆڵۆیە.
سیخوڕەکە دەڵێت، مۆساد چەندین جار پەیجەرەکانی لەسەر بووکەڵەی مرۆڤئاسا تاقیکردنەوە بۆ ئەوەی بزانێت پێویستە چەند تەقەمەنیی لەنێودابنرێت تاوەکو تەنیا زیان بە چەکدارانی حیزبوڵڵا بگەیێنێت و زیان بەوانی دەوروبەر نەگات.
هەروەها مۆساد چەندین زەنگی تاقیکردنەوە بۆ ئەوەی یەکێکی کاریگەر لەسەر پەیجەرەکان دابنێت تاوەکو بەکارهێنەری پەیجەرەکە وا هەست بکات ئەو پەیامەی بۆی رۆشتووە زۆر گرنگە، ئامێرەکە لە گیرفانی بێنێتە دەرەوە و دوگمەکە لێبدات.
گابریێل باس لەوە دەکات، دوو هەفتەی پێچوو تاوەکو مۆساد توانی حیزبوڵڵا فریوبدات بۆ ئەوەی پەیجەرە نوێیە تەقەمەنیڕێژکراوەکە بەکاربهێنێت. بۆ ئەو مەبەستەش، چەندین رێکلامی ساختەی لە یوتیووب بڵاوکردنەوە کە پێشانیاندەدا گوایە پەیجەرەکان دژە تۆز و دژە ئاون و پاترییەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژتر دەمێننەوە.
سیخوڕەکە دەڵێت، کاتێک بەڕێوەبەرەکەی بۆ یەکەمین جار پەیجەرە مەترسیدارەکەی بینیوە، لێیان توڕە بووە و گوتوویەتی: "هیچ کەس ئامێرێکی هێندە گەورە ناکڕێت. بۆ نێو گیرفان خۆش نییە."
ساتی تەقینەوەی پەیجەرەکان
بەڵام دواجار حیزبوڵڵا کەوتە تەڵەکەوە و دەستی بە کڕینی پەیجەرەکان کرد، بێ ئەوەی بزانێت لە مۆسادیان دەکڕێت.
گابریێل دەڵێت: "کە ئەوان پەیجەرەکانیان لێ دەکڕین، هیچ ئاگایان لەوە نەبوو لە مۆسادی دەکڕن. هەموو شتێک لە پشت پەردەوە لە لایەن ئێمەوە کۆنترۆڵکرابوو. ئەوان لای خۆیان وا هەستیان دەکرد هەموو شتێک ئاساییە، بەڵام هەموو شتێک 100٪ ئاسایی بوو، بازرگانەکان، بەبازاڕکردنەکە، ئەندازیارەکان، شوێنی بەرهەمهێنان، هەموو شتێک."
تاوەکو مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، چەکدارانی حیزبوڵڵا 5 هەزار پەیجەری تەقەمەنیڕێژکراویان لە گیرفاندا بوو.
17ی ئەیلوول، پەیجەرەکان لە سەرانسەری لوبنان دەستیان بە زەنگلێدان کرد و دوای چەند چرکەیەک تەقینەوە. تەنانەت ئەگەر بەکارهێنەرەکە دوگمەی وەرگرتنی پەیامەکەشی لێ نەدابا، پەیجەرەکە دوای ماوەیەک هەر دەتەقییەوە.
رۆژی دواتر، مۆساد بێتەلەکانی تەقاندنەوە. هەندێ لەوانە لە پرسەی ئەوانەدا تەقینەوە کە بە پەیجەرەکان کوژرابوون.
گابریێل دەڵێت، کوشتنی ئەندامانی حیزبوڵڵایان زۆر بەلاوە گرنگ نەبووە، بەڵکو ئامانجیان زیاتر ناردنی پەیامێکی بەهێز بووە بۆ بزووتنەوەکە.
چەند رۆژێک دوای تەقینەوەی پەیجەر و بێتەلەکان، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر لوبنان و هەزاران کەسی کوشت، لەنێویاندا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا.
مایکڵ دەڵێت، رۆژی دوای تەقینەوەی پەیجەرەکان خەڵکی لوبنان تەنانەت نەیاندەوێرا سپلیت و فێنککەرەوەکانیش پێ بکەن لە ترسی ئەوەی بتەقنەوە.
ئەو دەڵێت: "ترسەکە گەورەیە."
پرسیار لە سیخوڕەکە کرا کە ئایا ئەوان بە مەبەست ویستوویانە خەڵکی لوبنان بترسێنن، لە وەڵامدا گوتی: "دەمانەوێت هەست بکەن لە مەترسیدان، کە هەر واشە. ئێمە ناتوانین پەیجەرەکان بەکاربێنینەوە، چونکە پێشتر ئەوەمان کرد. ئێمە چووینەتە سەر بەکارهێنانی شتێکی دیکە. دەبێت ئەوان بەردەوام بیر لەوە بکەنەوە شتەکە چییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ