لە کەناراوەکانی هیندستان بە درۆن هێرشکرایە سەر کەشتییەکی ئیسرائیلی

رووداو دیجیتاڵ

دوو ئاژانسی ئاسایشیی دەریایی رایانگەیاند، لە کەناراوەکانی هیندستان کەشتییەکی سەر بە ئیسرائیل بە درۆن هێرشی کرایە سەر و ئاگر لەسەر کەشتییەکە کەوتەوە، بەڵام زیانی گیانیی نەبووە. تائێستا هیچ لایەک بە فەرمی بەرپرسیاریێتیی ئەو هێرشەی لەئەستۆ نەگرتووە.
 
رۆژی شەممە (23-12-2023) ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی شانشینی یەکگرتووی سوپای بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، لە کەناراوەکانی هیندستان بە درۆن هێرشکرایە سەر کەشتییەک، لە هێرشەکەدا هیچ کەسێک نەکوژرا و بریندار نەبوو، تەنیا ئاگر لەسەر کەشتییەکە کەوتەوە.
 
کۆمپانیای Ambrey کە کۆمپانیایەکی هەواڵگریی تایبەت بە ئاسایشی دەریاییە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "کەشتییەکە مادەی کیمایی هەڵگرتبوو و ئاڵای لیبێریای لەسەر هەڵکرابوو. ئەو کەشتییە سەر بە ئیسرائیلە و لە سعودیەوە بەرەو هیندستان بەڕێوەبووە."
 
بەگوێرەی هەردوو بڵاوکراوەکە، کەشتییەکە لە دووریی 370 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری ڤێراڤال بووە لە هیندستان.
 
UKMTO دەڵێت، بەرپرسان لە لێکۆڵینەوەدان و ئاگرەکەش کۆنترۆڵکراوە. بەگوێرەی کۆمپانیای ئامبرێی، هێزی دەریایی هیندستان بەشدارییان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا کردووە.
 
تائێستا هیچ لایەنێک، بە تایبەت حووسییەکانی یەمەن، بەرپرسیاریێتیی خۆیان لەو هێرشە بڵاونەکردووەتەوە.
 
پێنتاگۆن دەڵێت، تائێستا حووسییەکانی یەمەن لانیکەم 100 مووشەک و درۆنیان ئاراستەی 10 کەشتیی بازرگانی و بارهەڵگر لە دەریای سوور کردووە.
 
حووسییەکانیش چەند جارێک گوتوویانە، "هێرشەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەیە، کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە و وەک پاڵپشتییەکە بۆ برایانمان لە غەززەی داگیرکراو."
 
رۆژی سێشەممە، 19-12-2023، محەممەد عەلی حووسی، کە یەکێکە لە بەرپرسەکانی حووسییەکان و سەرۆکی پێشووی لیژنەی شۆڕشی یەمەنی بوو، بە میدیای ئێرانی گوت "هەر وڵاتێک لە دژی یەمەن بجووڵێتەوە، لە دەریای سوورەوە لە کەشتییەکەی دەدەین."
 
یەکەم هێرشی دەریایی حووسییەکان دوای شەڕی غەززە، رۆژی 19-11-2023 بوو، کاتێک بە هێلیکۆپتەر هێرشیان کردە سەر کەشتییەک بە ناوی "گالاکسی لیدەر" و بە 25 ستافەوە رفاندنیان.
 
ئەوکاتە یەحیا سەریع هۆشداری دا، "هەموو کەشتییەکی ئیسرائیل یان سەر بە ئیسرائیل لە دەریای سوور، دەبێتە ئامانجی شەرعیی هێزەکانی حووسی."
 
دوایین هێرشیشیان لە رۆژی دووشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 بوو، کاتێک حووسییەکانی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا گوتیان، "هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆ سەر دوو کەشتی سەر بە قەوارەی زایۆنی ئەنجام دا."
 
رۆژی دووشەممە 18-12-2023، گەورە کۆمپانیای نەوتی بەریتانی بی پی، بڕیاریدا گەشتی هەموو کەشتییەکانی لە دەریای سوور رابگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی حووسییەکان زنجیرە هێرشێکیان کردە سەر چەند کەشتییەکی رێڕەوی بابولمەندەب لە دەریای سوور.
 
هەروەک لە بڵاوکراوەکەی کۆمپانیای بی پی هاتووە، "بڕیارەکە بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی ئاسایشی دەریایی ناوچەکە دراوە."
 
ئەمە یەکەم کۆمپانیا نییە ئەو بڕیارە بدات؛ درەنگی شەوی هەینی، 15-12-2023، دوو گەورە کۆمپانیای بازرگانیی کەشتی لە جیهان بە ناوەکانی مایەرسک (Maersk) و هاپاگ لۆید (Hapag-Lloyd) بڵاویانکردەوە، "بەهۆی گرژییەکانی حووسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور، گەشتی کەشتییەکانیان وەستاندووە." ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی 14-12-2023 حووسییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی ئەڵمانی و دانمارکی راگەیاند.
 
ئەم هێرشانە وایانکرد، 19-12-2023، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە مەنامەی پایتەختی بەحرێنەوە ئاشکرایبکات، "ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە سیاسەت و پلانێکی نوێی پاراستنی کەشتییەکانی دەریای سوور لە هێرشی حووسییەکان جێبەجێدەکەن."
 
بەگوێرەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئەو وڵاتانەی لەو ئەرکە بەشداریی دەکەن، بریتیین لە بەریتانیا، بەحرێن، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، سیشێڵ و ئیسپانیا.
 
گرووپی حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن، بەشێکی گەورەی یەمەنیان بەدەستەوەیە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا دانیان پێدانەنراوە، رایانگەیاندووە، ئەوان وەک گوشارێک لەسەر ئیسرائیل کە شەڕ دژی فەلەستینییەکان دەکات، هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییانەی سەر بە ئیسرائیلن یان بۆ ئیسرائیل دەڕۆن.