ئەرکی فڕۆکەوانە فەرەنسییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش گۆڕاوە

رووداو دیجیتاڵ

جوولیان و نیڵز هەردووکیان فڕۆکەوانی فڕۆکەی رافالی فەرەنسین و لە بنکەیەکی ئاسمانی لە ئوردن لە ئەرکدان، ئەوان بەشێکن لەو 350 ئەفسەر و فڕۆکەوانە فەرەنسییەی لە هاوپەیمانیێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە 2014ـەوە ئەمریکا پێکیهێناوە و تائێستاش سەرۆکایەتیی دەکات.
 
بە درێژایی هەشت ساڵی رابردوو، گۆڕانکاریی گەورە بەسەر تواناکانی داعشدا هاتووە، کە دواجار بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە ئەرکی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکەشدا.
 
جولیان، فڕۆکەوانە فەرەنسییەکە دەڵێ "چەند ساڵێكی کەم لەمەوبەر، بوونی داعش لەسەر زەوی زۆر زیاتر بوو؛ بەڵام ئێستا داعش وەک گرووپێكی یاخیبووی لێهاتووە کە توانای هەڵکوتانی هەیە، بۆیە ئەرکی ئێمەش بە درێژایی ساڵانی رابردوودا گۆڕاوە، هەندێ ئەرک هەبوون چوار ساڵ لەمەوبەر جێبەجێمان دەکردن، بەڵام ئێستا چی دیکە نایکەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری هەیە ئەرکە کۆنەکانمان بگەڕێنەوە، ئێمە نازانین سبەینێ چی روو دەدات."
 
لە ساڵی 2014 داعش کۆنترۆڵی رووبەرێكی 240 هەزار کیلۆمەتر دووجا لە عێراق و سووریای دەکرد، پێش ئەوەی بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 2017 لە عێراق و 2019 لە سووریا کۆتایی بە دەسەڵاتە مەیدانییەکەی بهێندرێت.
 
لە چوار ساڵی رابردوودا داعش توانی خۆی لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەی بیابانی سووریا رێکبخاتەوە؛ کە ئەمەش سێگۆشەیەکە دەکەوێتە نێوان رەققە لە باکوور، دێرەزوور لە رۆژهەڵات و حمس لە ناوەڕاستەوە. ژمارەی چەکدارانی داعش بە وردی نەزانراوە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان بە نێوان پێنج هەزار تاوەکو حەوت هەزار چەکدار مەزەندەیان دەکات و، هێشتا بە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر ناوچەکە و هێزی هاوپەیمانان پۆلێن دەکرێن.
 
نیڵز، فڕۆکەوانی فەرەنسی دەڵێ "ئێمە لە ئاسمانەوە هۆشداری دەدەینە هاوپەیمانەکانمان کاتێك هەڕەشەیەک لەسەر زەوین دەبینین؛ هەروەها لە بوونی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیش ئاگاداریان دەکەینەوە، کە ئەگەری هەیە هەڕەشە لە هاوپەیمانان یان کۆمپانیا ئەمریکی و فەرەنسییەکان بکەن.''
 
رۆژی 21ـی ئەم مانگە ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی ئوردنی کرد و لەوێوە سەردانی هێزەکانی وڵاتەکەی کرد. ماکرۆن پێداگری فەرەنسای لە مانەوە لە هاوپەیمانیەتییە نێودەوڵەتییەکە و رووبەڕووبوونەوەی گرووپە توندڕۆکانی خستەڕوو.