سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بۆ مەسرور بارزانی: لەگەڵتان دەمێنینەوە و پەیوەندییەکانمان فراوانتر دەکەین

23-12-2022
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا جەختیان لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی رۆما و هەولێر کردەوە و جۆرجیا میلۆنی بە مەسرور بارزانی راگەیاند: "پەیوەندییەکانمان لە چەندین بواری جیاوازدا پەرە پێدەدەین و کۆنسوڵخانەکەمان لە هەرێمی کوردستان فراوانتر دەکەین".
 
رۆژی هەینی، 23-12-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە هەولێر کۆبوونەوە و دواتر قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
مەسرور بارزانی رایگەیاند: "سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەو هاوپەیمانێتی و دۆستایەتییەی لەنێوان ئیتاڵیا و عێراق و بەتایبەتی خەڵکی کوردستان هەیە. ئەم سەردانە دڵگەرمییەکی زۆرە بۆ هێزەکانی ئیتاڵیا و خەڵکی هەرێمی کوردستان".
 
مەسرور بارزانی پیرۆزبایی پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیتاڵیای لە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کرد و هیوای خواست "لە سایەی سەرۆکایەتیی جۆرجیا میلۆنییدا بتوانین پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان بدەین".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان گوتی: "باسی چەندین تەوەری گرنگ کرا کە پەیوەندییان بە ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستانەوە هەیە. هەردوولا سوورین لەسەر ئەوەی پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین؛ چاوەڕێی ئەوە دەکەین ئەم پەیوەندییە لە بەرژەوەندیی هەردوولامان بێت".
 
هاوکات جۆرجیا میلۆنی رایگەیاند: "لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی ئەم دۆستایەتییە بەهێزەی نێوانمان کردەوە. ئیتاڵیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە. ئێمە پەیوەندییەکی بەهێز و لەمێژینەمان بەیەکەوە هەیە".
 
جۆرجیا میلۆنی گوتی: "ئیتاڵیا هەموو هاوکارییەکی خۆی لەڕووی ئەمنییەوە پێشکێش دەکات. بە بوونی چەندین ساڵەی هێزەکانمان ئەوەمان سەلماندووە. ئەمڕۆش هاتم سوپاسی تایبەتی خۆمان بە هێزەکانمان لێرە بگەیێنم".
 
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا گوتی: "جەژنی کریسمس بەلای ئێمەوە زۆر تایبەتە و ئەم جەژنە لەناو خێزانەکاندا بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئێستا هێزەکانی ئێمە لێرەن؛ بۆیە هاتووم سڵاویان لێ بکەم".
 
جۆرجیا میلانۆ رایگەیاند: "ویستم یەکەم سەردانم لە دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ عێراق بێت؛ بۆ ئەم هەرێمەش بە هەمان شێوە. ئێوە لەڕووی ئەمنییەوە کاری گەورەتان کردووە و دەتوانین زیاتر فراوانی بکەین و گەشەی پێبدەین".
 
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئاماژەی دا: "ئێمە دەتوانین لە بوارە جیاوازەکان، لە بواری کشتوکاڵ و وزە هاوکارییەکانی نێوانمان فراوان بکەین. بە فەرمی پێتان رادەگەیێنم کە ئیتاڵیا پەیوەندییەکانی بەردەوام دەبێت و هاوکارییەکانی فراوان دەکات و کۆنسوڵخانەکەی لێرە بەهێزتر و فراوانتر دەکات".
 
دوانیوەرۆی رۆژی هەینی، 23-12-2022، جۆرجیا میلۆنی لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە پێشوازی لێکرا؛ سەرەتا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بەیەکەوە تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی ئاسایش و سیاسییان کرد و دواتر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. هاوکات سەربازەکانی ئیتاڵیای لە هەرێمی کوردستان بەسەرکردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە