بانکی جیهانی دەڵێت نزیکەی 100 هەزار خانوو و شووقە لە لوبنان وێران بوون
رووداو دیجیتاڵ
باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لەنێوەڕاستی بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج. بەگوێرەی بانکی جیهانی، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە، 99 هەزار و 209 خانوو و شووقە وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە.
حەسەن نەجدی، هاووڵاتی لوبنانی لەبارەی باڵەخانەکەوە دەڵێ، "چ شتێك لەم باڵەخانەیە هەیە بکرێتە ئامانج؟ بۆردوومانکردنی تاوانێكی گەورەیە. ئێرە ناوچەیەکی سڤیلنشینە و هیچ پەیوەندیی بە حیزبوڵڵاوە نییە".
زیاتر لە ساڵێکە شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان بەردەوامە؛ بەگوێرەی بانکی جیهانی لەو ماوەیەدا 5.1 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی لوبنان کەوتووە. لە زیانەکانیش دا پشکی شێر بە کەرتەکانی، بازرگانی، گەشتیاری، کشتوکاڵی و تەندرووستی کەوتووە.
ئەوە سەرباری ئەو زیانەی بە بەشی زۆری ژێرخانی لوبنان کەوتووە، کە بە 3.4 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
عەبدولناسر ئەبوبەکر، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە لوبنان دەڵێت، "خاڵی سەرەکی ململانێیەکە ئەو وێرانکارییەیە کە بە کەرتی تەندروستی کەوتووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە 8ـی تشرینی یەکەمی پارەوە؛ 300 کارمەندی تەندروستی کوژراون، 7 نەخۆشخانە لەکارخراون و 58 ناوەندی تەندروستیش داخراون".
هێرشە ئاسمانییەکان و ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، سەرووی 1.4 ملیۆن کەسیان ئاوارە و کۆچبەر کردووە.
بە گوتەی بانکی جیهانی، شەڕەکە پاشەکشەی بەرهەمی نێوخۆیی لوبنان بۆ 5 ساڵی دیکەش درێژ دەکاتەوە؛ لەمەولا ساڵانە لە 20 ملیار دۆلارەوە بۆ خوار 16 ملیار کەم دەبێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە گەشەی ئابووری لوبنان لە 2018ـوە تاوەکو تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، ساڵانە تێکڕای 5 خاڵ لە ژێر سفرەوەیە.