لە غەززە یەک فەردە ئارد بە زیاتر لە 94 دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
غەززەییەکان شەڕی پەیداکردنی نان دەکەن، لە رۆژێکدا تەنیا یەک ژەمی نانەوشکە دەخۆن و فەردە ئاردێکیان بە 94 دۆلار دەستدەکەوێت.
سوڵتان، دانیشتووی غەززەیە، بۆ پەیداکردنی خۆراک نۆرەی گرتووە و دەڵێت، "هاتووم کیسەیەک نان بکڕم، بەڵام وەک دەبینی قەیرانی نان و ئاردە؛ بە شەڕی دەستەویەخەش پاروویەکت دەستناکەوێت، منداڵەکانمان برسییانە".
لە غەززە یەک فەردە ئاردی 50 کیلۆیی بە زیاتر لە 94 دۆلارە؛ واتە کیلۆیەک ئارد بە نزیکەی دۆلارێك و 90 سەنت لەسەر نانەواکان دەکەوێت.
نانەواکان یەک کیلۆ ئارد دەکەنە هەشت نان و بە 7 دۆلاری ئەمریکی دەیفرۆشن. ئەو نرخە بۆ دانیشتووانی غەززە یەکجار گرانە و نانەواکان ناتوانن ساخی بکەنەوە.
بۆیە ئێستا لە غەززە دیاردەیەک سەریهەڵداوە، هاووڵاتییان ئارد بۆ نانەواکان دەبەن و ئەوانیش لەبەرامبەر هەر کیلۆ ئاردێک کە دەیکەنە نان، 40 سەنت وەردەگرن. بەمجۆرەش هەردوولا سوودمەند دەبن.
خەمیس، دانیشتووی غەززەیە لەسەرەی نان وەستاوە و دەڵێت، "چاوەڕێم تاوەکو نان وەرگرم، 2 کیلۆ ئاردم داوەتە نانەواکە، دەبێت 16 نانم پێ بدات، هەموو خۆراکێکمان ئێستا نانەوشکەیە، تام و شێوەی برنجم بیرچووەتەوە".
لە 2.2 ملیۆن هاووڵاتیی غەززە، 1.8 ملیۆنیان لە برسیێتیی توند دان. رۆژانە یەک ژەم خواردنیان دەست دەکەوێت.
یاسەمین عید، دانیشتووێکی غەززەیە و لەسەر ئاگری دار، تاکە ژەمی رۆژەکەی لێدەنێت.
یاسەمین دەڵێت، "چەندین مانگ بەبێ خواردن رۆژمان کردەوە، زۆر جار یەک هێلکە بۆ هەموو خێزانەکەم دەکوڵێنم، ئەوەی کە لە سەتا سەتە، نووستنی من و خێزانەکەمە بە برسیەتی".
هانی، هاوسەری یاسەمینە و باوکی 6 منداڵە دەڵێت، پێش شەڕ لە مانگێكدا 4 فەردە ئاردیان دەکڕی؛ بەڵام ئێستا لە 4 مانگدا یەک فەردەشیان پێ ناکڕدرێت.