قەتەر: ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەیانیی رۆژی هەینی جێبەجێ دەکرێت

23-11-2023
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە رۆژی هەینی رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس بچێتە واری جێبەجێکردنەوە و لە یەکەم هەنگاویشدا 13 بارمتەی دەستی حەماس ئازاد بکرێن. 

رۆژی پێنجشەممە، 23-11-2023، ماجد محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، سبەی کاژێر 07:00ـی بەیانی بە کاتی غەززە ( کاژێر 08:00 بە کاتی هەولێر) رێککەوتنی حەماس و ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و  ئاگربەستی کاتی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. هەروەها دەشڵێت، بڕیارە کاژێر 04:00ـی ئێوارە (بە کاتی غەززە) 13 کەس لە ژن و منداڵە بارمتەکان ئازاد بکرێن. 
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر گوتیشی، "لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل ژمارەیەک زیندانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدان ئازاد بکات"، بەبێ روونکردنەوەی زیاتر لەبارەی ژمارەیانەوە. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوە کرد، "رێککەوتنەکە بۆ چوار رۆژە و بڕیاریشە لەو ماوەیەدا 50 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکرێن. بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت هەموو جۆرە تەقەیەک لەنێوان هەردوولادا رابگیرێت." 
 
ئەو گوتانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لەکاتێکدان کە رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل، بە نێوەندگیریی قەتەر و ئەمریکا، گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 بارمتە چوار رۆژ شەڕ دەوەستێت. هەروەها لە بەرامبەر ئازادکردنی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلیدا، ئیسرائیل سێ زیندانی فەلەستینی ئازاد بکات.
 
رۆژی سێشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2023، بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی نائاسایی حکومەتی ئیسرائیل لە پەیامێکی تۆمارکراودا داوای لە وەزیرانی کابینەکەی کرد پشتگیریی رێککەوتنیان لەگەڵ چەکدارانی حەماس بکەن، تاوەکو رێگەخۆش بکات بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی لای حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستینن.
 
هاوکات، ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی کە لە نزیکەوە چاودێری گفتوگۆکانی حەماس و ئیسرائیل لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکانەوە دەکرد بە میدیای بەریتانیان راگەیاند، دوای ماوەیەکی زۆر لە هەوڵدان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان گەشبینن و باوەڕیان وایە نزیکن لە رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان. 
 
هەروەها، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی نووسینگەی رامیاریی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، "لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەستێکی کاتی لە رێککەوتن نزیکن."
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، نزیکەی 240 ئیسرائیلی لە هێرشەکەی رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران. 
 
48 رۆژە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززەش چووە نێو شەڕەکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.