نەتەنیاهوو بۆ لوبنانییەکان: لە شوێنە مەترسیدارەکان دووربکەونەوە

23-09-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوا لە هاووڵاتییانی لوبنان دەکات لە ناوچە مەترسیدارەکانی وڵاتەکە دووربکەونەوە و دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکان بگەڕێنەوە. 

رۆژی دووشەممە، 23-09-2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "تکایە، هەر ئێستا لە ناوچەکە مەترسیدارەکان دووربکەونەوە، کاتێک ئۆپەراسیۆنەکانمان تەواو بوون، بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆتان."
 
ئەم لێدوانەی نەتەنیاهوو دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل رایگەیاند، تەنیا ئەمڕۆ 800 پێگەی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.
 
هێرشەکانی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی 356 کەس، ئەمەش بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان. لە 07-10-2023ـەوە و لەگەڵ دەستپێکی گرژییەکان، ئەمە خوێناویترین هێرش بووە.
 
نەتەنیاهوو هەروەها بە لوبنانییەکانی گوت: "حیزبوڵڵا دەمێکە ئێوە وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنێت. ئەوان رۆکێتیان لە نێو ژووری دانیشتنی ئێوە و مووشەکیان لە نێو گەراجەکانی ئێوە دانا. رێگە بە حیزبوڵڵا مەدەن مەترسیی بخاتە سەر ژیانی ئێوە و خۆشەویستانتان."
 
پێکدادانی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە دەستیپێکرد و حیزبوڵڵا خۆی وەکو هاوپەیمانێکی حەماس ناساند.
 
لە هەردوو دیوی سنوورەکە بە سەتان هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون، حیزبوڵڵاش ناوە ناوە مووشەک و درۆن ئاراستەی ئیسرائیل دەکات، بەڵام زۆربەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیلەوە تێکدەشکێندرێن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە