سیستانی: هێرشەکانی ئیسرائیل رابگیرێن و گەلی لوبنان رزگار بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق داوای راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکات و داوا لە "باوەڕدارانیش" دەکات ئازاری لوبنانییەکان کەمبکەنەوە و پێداویستییەکانیان دابین بکەن.
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024، لەبارەی دۆخی لوبنان و شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵاوە بڵاویکردووەتەوە، بەبێ ئەوەی لە هیچ شوێنێکدا باسی حیزبوڵڵای لوبنانی یان پشتیوانیلێکردنی بکات، رایگەیاند: "لەم رۆژە سەختانەدا گەلی لوبنانی ئازیزی پێدا تێدەپەڕن، رووبەڕووی زیادبوونی هێرشە ناڕەواکانی ئیسرائیلی دوژمن و بەشێوازی وەحشیگەرانە دەبنەوە."
هێرشەکان "خۆی لە تەقاندنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی کەسی و شتی دیکەی هاوشێوەی بینیوەتەوە، لەگەڵ بە ئامانجکردنی شوێنە قەرەباڵخەکان، لەگەڵ هێرشی ئاسمانیی چڕ بۆ سەر دەیان گوند و شارۆچکە لە باشوور و بیقاع کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری بەرگریکارانی پاڵەوان و خەڵکانی دیکەی سڤیلی بێ گوناهـ و ئاوارەبوونی هەزاران کەس لە ماڵەکانیان." عەلی سیستانی وای گوت.
مەرجەعی باڵای شیعەکان هاوسۆزی خۆی بۆ لوبنانییەکان دەردەبڕێت و دەڵێت: "دەستی نزا بۆ خوای گەورە بەرزدەکەینەوە داوای لێدەکەین بیانپارێزێت و لە خراپەی خراپەکاران بەرگریان لێبکات و شەهیدانیان بەر رەحمەتی خودا بکەون و بریندارەکانیان چاکببنەوە."
عەلی سیستانی، لە راگەیێندراوەکەیدا داوا دەکات: "هەموو هەوڵێک بۆ راگرتنی ئەو هێرشە وەحشییانە بەردەوامە بدرێت و گەلی لوبنان لە لێکەوتە وێرانکارییەکانی بپارێزرێت."
ئەو مەرجەعە باڵایەی شیعەکان داوای لە "بڕواداران" کردووە هەوڵی خۆیان بدەن بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵک و دابینکردنی پێویستیی مرۆیی بۆیان.
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر، حیزبوڵڵای لوبنانی دەستی بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی سوپای ئیسرائیل لە نزیک سنوور کرد، ئەوەش بە گوتەی بەرپرسانی حیزبوڵڵا، وەک پشتیوانییەکە بۆ فەلەستین.
لە چەند رۆژی رابردوودا، گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا گەیشتنە لووتکە، سێشەممە و چوارشەممەی رابردوو، هەزاران ئامێری پەیوەندیی پەیجەر و بێتەل لە لوبنان تەقینەوە و لانیکەم 39 کەس کوژران و هەزارانی دیکە بریندار بوون.
رۆژی هەینیش، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی حیزبوڵڵا و چەندین ئەندامی دیکەی باڵای بزووتنەوەکە کوژران.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، حیزبوڵڵا رۆژی یەکشەممە زیاتر لە 100 مووشەکی گرتە باکووری ئیسرائیل و بەشێکیان لە نزیک شاری حەیفا کەوتنە خوارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانیی کردە سەر لوبنان و تاوەکو ئەمڕۆش هێرش و وەڵامدانەوەی ئەو دوو لایەنە بۆ یەکدی بەردەوامە.
بەپێی ئاماری تەندروستیی لوبنان بەهۆی هێرشەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان 356 کەس کورژاون و 1246 کەسیش بریندار بوون، لە نێو کوژراوەکاندا 24 منداڵ و دوو ژن هەن.