چین داوا لە هاووڵاتییانی دەکات "بە زووترین کات" ئیسرائیل جێبهێڵن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، چین داوا لە هاووڵاتییانی دەکات "بە زووترین کات" ئیسرائیل جێبهێڵن.
 
باڵیۆزخانەی چین لە ئیسرائیل رایگەیاند، "لەم کاتەدا، دۆخەکە بە درێژایی سنووری ئیسرائیل و لوبنان لەڕادەبەدەر سەختە و ململانێی سەربازیی زۆر هەیە. دۆخی ئەمنی لە ئیسرائیل خراپ، ئاڵۆز و پێشبینی نەکراوە."
 
باڵیۆزخانەکە داوا دەکات، ئەو هاووڵاتییە چینییانەی لە ئیسرائیلن "بە زووترین کات بگەڕێنەوە یان بچن بۆ شوێنی سەلامەتتر."
 
ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە، هەڕەشەی کرد کە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان بەردەوام دەبن. حیزبوڵڵاش رۆژی یەکشەممە، رایگەیاندبوو، لەگەڵ ئیسرائیل لە "شەڕێکی کراوە"دان.
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆشداری لە گۆڕانی شەڕەکە بۆ جەنگێکی سەرتاسەری لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەدات.
 
رۆژی هەینی، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر شوێنێکی نیشتەجێبوون لە باشووری بەیرووت و ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی حیزبوڵڵای کوشت.
 
ئەو هێرشە دوای ئەوە هات کە هەزاران ئامێری پەیوەندیی پەیجەر و بێتەل لە لوبنان تەقینەوە، کە بوونە هۆی کوژرانی لانیکەم 39 کەس و برینداربوونی نزیکەی سێ هەزاری دیکە.
 
چین مانگی رابردوو داوای لە هاووڵاتییانی کرد لوبنان جێبهێڵن.