سوپای ئیسرائیل بۆ خەڵکی باشووری لوبنان: لە پێگەکانی حیزبوڵڵا نزیک نەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشەکانیان بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوام دەبن و هۆشداری بە خەڵکی ناوچەکە دەدات لە پێگەکانی حیزبوڵڵا دووربکەونەوە.
 
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هۆشداری بە دانیشتووانی لوبنان دەدەم، لەپێناو سەلامەتیی خۆتان و خێزانەکانتان، لە پێگە جەنگییەکانی حیزبوڵڵا دووربکەونەوە، کە لەنێو یان لە نزیک ماڵەکانتانن. حیزبوڵڵا هەڕەشە بۆ سەر ئێوە دروستدەکات و لەو شوێنانەوە مووشەک دەگرێتە ئیسرائیل."
 
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لەوە کرد، حیزبوڵڵا "باشووری لوبنانی گۆڕیوە بۆ ناوچەی جەنگ." گوتیشی، "لە ماوەیەکی نزیکدا هێرش دەکەینە سەر پێگەکانی تیرۆر لە لوبنان."
 
هەگاری هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ دووشەممە، هێرشی "چڕیان" کردووەتە سەر باشووری لوبنان.
 
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر، حیزبوڵڵای لوبنانی دەستی بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی سوپای ئیسرائیل لە نزیک سنوور کرد، ئەوەش بە گوتەی خۆی، وەک پشتیوانییەک بۆ فەلەستین.
 
هەگاری دەڵێت، لە مانگەکانی رابردوودا "بە هێزەوە لە حیزبوڵڵامان داوە و ئێمە بە گوێرەی بەرنامەیەکی رێکخراو کار دەکەین." گوتیشی، ئەوەی لە باشووری لوبنان روودەدات، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە "لێی بەرپرسە."
 
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا گەیشتنە لووتکە. سێشەممە و چوارشەممەی رابردوو، هەزاران ئامێری پەیوەندیی پەیجەر و بێتەل لە لوبنان تەقینەوە و لانیکەم 39 کەس کوژران و هەزارانی دیکە بریندار بوون. رۆژی هەینیش، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی حیزبوڵڵا و چەندین ئەندامی دیکەی باڵای بزووتنەوەکە کوژران. 
 
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، حیزبوڵڵا رۆژی یەکشەممە زیاتر لە 100 مووشەکی گرتە باکووری ئیسرائیل و بەشێکیان لە نزیک شاری حەیفا کەوتنە خوارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانیی کردە سەر لوبنان.
 
هەگاری لەو بارەیەوە گوتی، "گورزی پێشوەختمان لە حیزبوڵڵا داوە و هێرشەکانمان بۆ سەر لوبنان بەردەوام دەبن."
 
میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئیسرائیل زیاتر لە 80 هێرشی ئاسمانیی کردوونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگەی نەبەتیە لە باشووری ئەو وڵاتە.
 
هەر ئەمڕۆ، حیزبوڵڵا کوژرانی ئەندامێکی خۆی بەهۆی هێرشی ئیسرائیل راگەیاند، بەوەش لە 8ی ئۆکتۆبەرەوە، ژمارەی کوژراوانی بزووتنەوەکە گەیشتنە 504 کەس.