ڤیدیۆ: حووسییەکان کەشتییەکی یۆنانییان لە دەریای سوور تێکشکاند

رووداو دیجیتاڵ
 
حووسییەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر کەشتییەک لە دەریای سوور و تێکیان شکاند.
 
کەشتییەکە لە سێ شوێنەوە پێکراوە و ئاگری لێ بەرز دەبێتەوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 23-08-2024، حووسییەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر کەشتیی Sounionی یۆنانی. حووسییەکان رایانگەیاندووە، کەشتییەکە گوێی بە بڕیار و هۆشدارییەکانی ئەوان نەداوە بۆیە هێرش کراوەتە سەری، "بەڵێنمان داوە بەردەوامبین لە هێرشکردنە سەر پشتیوانانی ئیسرائیل".
 
ئاژانسی دەریاوانی بەریتانیا رایگەیاند، ئاگر لە سێ شوێنی لاشەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە کەوتووەتەوە کە ئاڵای یۆنانی لەسەر هەڵکراوە و دوای هێرشەکە تاقمی سەر کەشتییەکە و کەشتیوانەکان رزگارکراون.
 
ئاژانسی UKMTO دەڵێت، "هێزی دەریاوانیی بەریتانی راپۆرتێکیان لەبارەی کەشتییەکە بەدەست گەیشتووە و پێدەچێت ژێرئاو کەوتبێت".

 

 

 
رۆژی 9ی ئابی 2024، سەرۆکی پارتی ئەنساروڵڵای حووسییەکان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 177 کەشتییان لە سنوورییە ئاوییەکانی نزیک یەمەن کردوونەتە ئامانج.
عەبدولمەلیک بەدرەدین حووسی، سەرۆکی پارتی ئەنساروڵڵای حووسییەکان، لە گوتارێکدا رایگەیاند، ئیسرائیل دەیەوێت رووبەری جەنگەکەی فراوان بکات و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بە هاوبەش لە پارێزگاریکردن لێی دەزانێت.
 
سەرۆکی حووسییەکان گوتی، "هەندێک وڵات ئاسمانی وڵاتەکانیان بۆ ئیسرائیل دەکەنەوە و پشتیوانیی ئابووری و میدیایی و سیاسیی پێشکێش دەکەن". دەشڵێت، هێرشەکانی حیزبوڵلا و حوسییەکان کاریگەریی لەسەر ئیسرائیل دروستکردووە.
 
لەدوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، حووسییەکانی یەمەن هێرش دەکەنە سەر سعودیە و ئیسرائیل لە دەریای سوور و دەریای عەرەب، بەمەش هاتووچۆی کەشتییەکان لەو ناوچانە 90٪ کەمیکردووە.