عێراق و تورکیا؛ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی 22 ملیاری و 'بەهێزترکردنی' پەیوەندییەکان

رووداو دیجیتاڵ

عێراق و تورکیا کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان ملیاران دۆلارە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات لەسەر چەند بابەتی جێبایەخی هەردوولا کراوە، لەوانە پاراستنی ئاسایش، هەناردەکردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان. 
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، کە سێشەممە 22-8-2023 بڵاویکردووەتەوە، تورکیا و عێراق بەو سەردانە دوولایەنانە پەیوەندییەکانیان بەهێز دەبێت.
 
بەرپرسانی عێراق و تورکیا میوانداریی یەکدی دەکەن
 
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا جەخت لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە کراوەتەوە. هەورەها باس لەوە کراوە، هاوکات لەگەڵ ئەو دیدارانەی ئەنقەرە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە عێراقە و زنجیرەیەک دیدار سازدەکات. 
 
هاکان فیدان، یەکەمجارە وەکو وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق دەکات، لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان سازدا. 
 
فیدان لە بەغدا و هەولێر زنجیرەیەک دیداری دەبێت و چاوەڕێ دەکرێت لە بەغدا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران، لەتیف رەشید سەرۆککۆمار، محەممەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەردانی هەولێریش بکات. 
 
لەو دیدارانەدا پەیوەندییەکانی تورکیا-عێراق، هاوئاهەنگییەکانی نێوان هەردوولا لە ئاسایش، بازرگانی و ئابووری باس دەکرێن. چاوەڕێ دەکرێت بابەتی بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان بێت. پێشتر چەندینجار حکومەتی ئەنقەرە داوای لە بەغدا کردووە لەو بابەتەدا هاوئاهەنگیی لەگەڵدا بکات.
 
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان 
 
سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا لەکاتێکدایە، لە 25ـی ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند، بە بڕیارەکە پابەند دەبێت.
 
بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەگشتی و وەزارەتی نەوتی عێراق بەتایبەتی کۆبوونەوەی کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ (چوارشەممە، 23-8-2023) هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.
 
دیداری ئەردۆغان و سوودانی
 
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوزیرانی عێراق رۆژی 21-3-2023 لە ئەنقەرە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازیی لێکرا. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەردۆغان باسی لەوە کرد؛ وەزیرە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا دەخەنە سەر ئەرک بۆ ئەوەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە بەسرەوە تا تورکیا، بخرێتە جێبەجێکردن. ئەردۆغان ئەو پرۆژەیەی بە پرۆژەی ریگەی ئاوریشمی چوواند و گوتی دەبێتە مایەی بووژاندنەوە لە ناوچەکەدا. سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، تورکیا و عێراق لە بابەتی باشترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیاندا هەمان هەست و چاوەڕوانییان هەیە. 
 
قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق 22.3 ملیار دۆلارە
 
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا لە ساڵی 2021 بریتی بووە لە 19.5 ملیار دۆلار. ساڵی 2021 تورکیا بایی 12 ملیار دۆلار هەناردەی بۆ باشووری کوردستان و عێراق کردووە. 
 
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق لە ساڵی 2022ـدا دا 22.3 ملیار دۆلار بووە.