فیلمی شاردنەوەی سەدام حوسێن لە سینەماکانی لوبنان پێشان دەدرێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەرهێنەری بەڵگەفیلمی (شاردنەوەی سەدام حوسێن) دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا پێشاندانی فیلمەکەی لە سینەماکانی لوبنان دەستپێدەکات. 
 
رۆژی سێشەممە، 23ـی تەممووزی 2024، هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری بەڵگەفیلمی (شاردنەوەی سەدام حوسێن) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی 25ـی ئەم مانگە پێشاندانی فیلمەکە لە لوبنان دەستپێدەکات و لە هەموو سینەماکانی ئەو وڵاتە پێشان دەدرێت".
 
فیلمەکە تاوەکو ئێستا لە 10 وڵاتی ئەورووپا و 14 وڵاتی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی پێشان دراوە. 
 
پێشاندانی فیلمەکە لە سینەماکانی هەرێمی کوردستانیش لە 21ی ئەم مانگەوە دەستی پێکردووە.
 
تاوەکو ئێستا بڕیار لەبارەی پێشاندانی فیلمەکە لە بەغدا نەدراوە و دەرهێنەری فیلمەکە بە رووداوی گوت، چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتیاری و شوێنەواری عێراق دەکەن.
 
بەڵگەفیلمی (شاردنەوەی سەدام حوسێن) چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە 235 رۆژ سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە باشووری تکریت حەشاردا، لەکاتێکدا هەزاران سەربازی ئەمریکی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی لە ساڵی 2003 بەدوایدا دەگەڕان. 
 
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە کرا و کۆمپانیای هەنێ بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج فیلمەکەی بەرهەمهێناوە.
 
یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی ئەم فیلمە لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لە ئەمستردامی هۆڵەندا؛ یەکەم پێشاندانیشی لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی لە جدەی سعودیە بوو.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە