مەسرور بارزانی بۆ ئیبراهیم رەئیسی: هاوخەمتانین


رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی لافاوەکەی ئێران کە بەهۆیەوە زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکیش بریندار بوون، پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی سەرۆککۆماری ئێران کرد.
 
لەو پەیامە هاوخەمییەیدا کە بەبۆنەی لافاوەکەی ئێران ئەمڕۆ شەممە 23-07-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانی کردووە، هاوخەمیی خۆی بۆ زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانی لافاوەکە راگەیاند.
 
ئێوارەی رۆژی هەینی 22-7-2022 بارانی بەخوڕ لە شاری ئێستێهبانی سەر بە پارێزگای فارس باری و ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە شارەکە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە رووباری روودبال.
 
جگە لە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 20 کەس و بێسەروشوێنبوونی سێ کەسی دیکە، بە گوتەی خەلیل عەبدوڵلاهی، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای فارس، لەو لافاوەدا 55 کەس تووشی کێشە بوون، بەڵام هێزە یارمەتیدەرەکان رزگاریان کردوون.
 
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا پرسە و هاوخەمیی خۆی بە سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران و خەڵکی ئەو وڵاتە بەگشتی گەیاندووە و "هیوای خواست، خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە کەسوکاریان ببەخشێت."