سعودیە: ئەوەی ڤیزەی حەجی نەبێت لە ئەمڕۆوە رێگەی مانەوەی لە مەککە پێنادرێت


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایدەگەیێنێت، تەنیا ئەوانە رێگەی مانەوەیان لە مەککەی پیرۆز پێدەدرێت کە ڤیزەی حەجیان هەیە، چوونە ژوورەوە و مانەوە لە مەککە بە هەڵگرانی ڤیزەی گەشتکردن، قەدەخە دەکرێت.
 
بڕیارەکە لە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی ئایارەوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی مانگێک رێگە لە چوونە نێو شاری مەککەی پیرۆز یان مانەوە تێیدا لە سەرجەم ئەو کەسانە قەدەخە دەکرێت کە ڤیزەی گەشتیارییان هەیە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە، ڤیزەی گەشت بە هەموو جۆر و ناونیشانەکانەوە مۆڵەت نییە بۆ هەڵگرانیان تاوەکو رێگەیان پێبدرێت حەج بکەن، بۆیە ئەوەی پێشێلکاریی بکات لەو ماوەیەی دیاریکراوە، پێبژاردنی بۆ دەکرێت و رێکار و رێنوێنییەکانی سعودیەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
 
ئەوانەی رێگەی چوونە ژوورەوەیان پێنادرێت بچنە نێو مەککەوە، دەبێت پابەندی ئەو بڕیارە بن و لە رۆژی پێنجشەممە 23ـی ئایار کە دەکاتە رۆژی 15ـی مانگی زولعیقدەی کۆچی تاوەکو 15ـی زولحیجەی 1445ـی ساڵی کۆچی نەچنە ئەو شارە.
 
لە راگەیێندراوێکی پێشتردا، وەزارەتی حەجی سعودیە بڕی (10 هەزار ریالی سعودیە) کە دەکاتە زیاتر لە 2500 دۆلاری وەکو پێبژاردن بەسەر ئەو کەسەدا دیاریکرد، کە بەبێ مۆڵەت و رێگەپێدانی حەجکردن لە شاری مەککە و شوێنە پیرۆزەکانی بگیرێت.
 
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە دەستکراوە بە جێبەجێکردنی پلانە ئەمنییەکان و رێکخستن بەمەبەستی پاراستنی ئەوانەی رێگەیان پێدراوە ئەمساڵ حەج دەکەن.