شەپۆلی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین لە ئەورووپا؛ ئیسرائیل دەڵێت پاداشتی تیرۆرە

23-05-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
وردەکاریی بڕیاری وڵاتانی ئەورووپی و کاردانەوەکان
وردەکاریی بڕیاری وڵاتانی ئەورووپی و کاردانەوەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گۆڕەپانی زانکۆی کامپلۆتینسە لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، هێشتا خێوەتی خوێندکارانی زانکۆکە ماوە کە بۆ پشتگیریی لە پرسی فەلەستین دایاننابوو. ئێستا ئەو وڵاتە بووەتە پێشەنگی شەپۆلێکی نوێی ئەورووپییەکان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین. 
 
ریاز مەنسوور، نوێنەری فەلەستینە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەڵێت، "ئێمە هەواڵی ئەرێنیمان لەلایەن ئەورووپا و بەتایبەتی لەلایەن ئیسپانیا، ئێرلاند و نەرویجەوە پێگەیشت کە رایانگەیاند لە 28ی ئەم مانگە بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن. هیواخوازین ئەم شەپۆلی پشتگیرییە ئەورووپییە، شەپۆلی دیکەشی بەدوادا بێت." 
 
یەکەم کاردانەوەی ئیسرائیلییەکان لە بەرامبەر ئەم هەنگاوە نوێیەی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپا، کشانەوەی باڵیۆزەکانیانە لەو وڵاتانە. هەروەها راگرتنی هاوکاریی مانگانەی دارایی ئیسرائیل بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی لە کەرتی رۆژئاوا.
 
بەگوێرەی رێککەوتنێک کە لە نەوەتەکاندا، لەنێوان دەسەڵاتی فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان واژۆکرا. ئیسرائیل، باج لەجیاتی فەلەستینییەکان وەردەگرێت و دواتر بەشێک لە داهاتی باجەکە بەشێوەی مانگانە دەداتە فەلەستینییەکان. لەدوای هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، پێدانی پشکی مانگانەی فەلەستینییەکان کێشەی تێکەوت.
 
ئیسرائیل کۆنترۆڵی سەرجەم دەروازەکانی خاکی فەلەستینی کردووە و بۆ هەر کاڵا و خۆراکێک کە دەچێتە نێو خاکی فەلەستینەوە، 3٪ گومرگ وەردەگرێت.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "ئامانجی هەندێک وڵاتانی ئەورووپا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین، پاداشتکردنی تیرۆریزمە.  80٪ی فەلەستینییەکان پشتگریی لە رەشەکوژییەکەی 7ی ئۆکتۆبەر دەکەن، ئەم خراپەکارە نابێت دەوڵەتی پێبدرێت. ئەمە دەوڵەتێکی تیرۆریستی دەبێت و هاوشێوەی ئەو تاوانە تاوانی دیکەش دەکات. پاداشتکردنی تیرۆریزم، ئاشتی ناهێنێتەدی و رێگەش لەئێمە ناگرێت بەسەر حەماسدا سەربکەوین." 
 
ئەم مانگە، لەکۆی 193 وڵاتی ئەندام لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، 143یان دانگیاندا بەوەی فەلەستین ببێتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان. لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا لەگەڵ بڕیارەکە نییە، هۆشداریش دەداتە ئیسرائیل هاوکارییە مانگانەکە رانەگرێت.
 
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش دەڵێت، "هەموو وڵاتێک مافی خۆیەتی چ بڕیارێک دەدات، بەڵام هەڵوێستی ئەمریکا لەم پرسەدا زۆر روونە. سەرۆک بایدن لەمێژە پشتگیریی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەداوە ئەو چارەسەرە دەبێت لەرێگەی گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوولاوە بێت، نەک ناساندنی تاکلایەنانە." 
 
جەنگی حەوت مانگەی کەرتی غەززە کە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 36 هەزار فەلەستینی، پرۆسەی داننان بە دەوڵەتی فەلەستینی خێراتر کردووە. لەگەڵ ئەوەی زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا پشتگیریی دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی دەکەن، بەڵام رایانگەیاندووە دەبێت بەرێککەوتنی هەردوولا ئەو دەوڵەتە بێتە دی، نەک بڕیاری تاکلایەنە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە