ئوردن: عێراق رازی بووە نەوتی کەرکووکمان بۆ بنێرێتەوە

23-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی وزە و سامانی کانزایی ئوردن رایگەیاند، عێراق بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئەو وڵاتە و درێژکردنەوەی کارکردن بە یاداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ سێ مانگی دیکە، رازی بووە.
 
ئیمان عەواد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و گازی سرووشتیی ئەو وەزارەتەی ئوردن رایگەیاندووە "رەزامەندیی عێراق بۆ درێژکردنەوەی کارکردن بە یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ هاوردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئوردن بۆ سێ مانگی دیکە و بە هەمان مەرجەکانی گرێبەست و بە نرخی پێشوو وەرگیراوە."
 
پێشتر ئوردن داوای لە عێراق کردبوو؛ یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان بۆ هاوردەکردنی نەوت بۆ یەک ساڵ درێژ بکرێتەوە.
 
ئیمان عەواد دەڵێت، ئوردن هەموو رێکارەکانی پێویست دەگرێتەبەر و ئێستا هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی عێراقی بۆ دەکرێت بۆ تەواوکردنی رێکارەکان لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بارکردنی نەوتی خاوی کەرکووک بۆ پاڵاوگەی نەوت لە پارێزگای زەرقا.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتەکەی ئوردن، پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا ناردنی نەوت لە عێراقەوە بۆ ئوردن دەستپێبکاتەوە.
 
لە کۆتاییەکانی مانگی رابردووەوە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئوردن راگیرا، رۆژی 10ـی ئایار وەزارەتی وزەی ئوردن رایگەیاند، داوایانکردووە یاداشتەکەی نێوانیان لەگەڵ عێراق درێژبکرێتەوە و لە رۆژی 4ی ئەم مانگەشەوە هەژمار بکرێت تاوەکو ئەو کاتەی یاداشتێکی دیکە واژۆ دەکرێتەوە.
 
ئەو نەوتەی عێراق بە نرخێکی کەمتر لە بەهای رۆژانەی نەوت بۆ ئوردن رەوانەی دەکات، نزیکەی 7%ـی کۆی پێداویستییەکانی ئوردن پڕدەکاتەوە.
 
ئیمان عەواد دەڵێت "ئەگەر گرێبەستەکە کۆتایی پێهات، ئەوا یاداشتێکی نوێ واژۆ دەکرێت."
 
لە ساڵانی 1980 تاوەکو ساڵی 1990، عێراق رۆژانە بڕێک لە نەوتەکەی بەبێ بەرامبەر دەدایە ئوردن، دواتر بە بەهای 15 دۆلار کەمتر لە بەهای جیهانیی نەوت، رۆژانە 30 هەزار بەرمیل دەدرایە ئوردن، لە پاش ساڵی 2003ـشەوە ئەو داشکاندنە بۆ ئوردن کرایە 15%.
 
 لە ساڵی 2021 رێککەوتنەکە نوێکرایەوە، کە رۆژانە عێراق 10 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ئوردن بە کەمتر لە 16 دۆلار لە بەهای جیهانی بنێرێت، لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە هەناردەی نەوت بۆ ئوردن کە بەشێکی لە کێڵگەکانی کەرکووکەوەیە، زیادیکرد و گەیشتە 15 هەزار بەرمیل.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە