رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، سێ درۆنی حووسییەکانی یەمەنیان لە ئاسمانی دەریای سوور تێکشکاندووە.
ئەمڕۆ هەینی، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، "کاژێر 3:30 بۆ 5:00ی بەیانی (بە کاتی سەنعا و هەولێر) هێزەکانی سێنتکۆم سێ درۆنی حووسییەکانیان لە نزیک ژمارەیەک کەشتیی بازرگانی لە ئاسمانی دەریای سوور خستەخوارەوە". هەروەها گوتی، درۆنەکان هیچ زیانێکیان بە کەشتییە بازرگانییەکان نەگەیاند.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کرد، کاژێر 5ی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، هێزەکانیان چوار درۆن و دوو مووشەکی حووسییەکانیان لە یەمەن بۆردوومانکرد کە بۆ ئاراستەکردن ئامادەکرابوون.
بە گوێرەی ئەو راگەیێندراوی سێنتکۆم، درۆن و مووشەکەکانی حووسییەکان مەترسین بۆسەر کەشتییە بازرگانی و کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا. ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هێرشانەیان وەکو هەنگاوێک بۆ پاراستنی رێڕەوی ئاوی دەریای سوور بە کراوەیی و دابینکردنی ئاسایش بۆ کەشتییەکان ئەنجامداوە.
19ی تشرینی دووەمی رابردوو، حوسییەکانی یەمەن هێرشەکانیان بۆسەر کەشتییەکان لە دەریای سوور دەستپێکرد و دەڵێن، ئەو هەنگاوەیان بۆ پێشاندانی پاڵپشتییە بۆ کەرتی غەززە.
بە گوێرەی ماڵپەری ئەمبری بەریتانی، لەو کاتەوە حووسییەکان هێرشیانکردووەتە سەر لانیکەم 40 کەشتیی بازرگانی.
لە بەرامبەریشدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەندێکجار لەگەڵ بەریتانیا، چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی حووسییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ