21 سەربازی ئیسرائیلی لە غەززە کوژران؛ باڵەخانەیەک بەسەریاندا رووخا

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 21 سەربازی ئیسرائیلی لە غەززە کوژران، ئەمەش زۆرترین ژمارەی سەربازی ئیسرائیلییە، کە لە رۆژێکدا کوژرابن لەوەتەی هێرشە زەوینییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە.
 
دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی رۆژی دووشەممە، دەوروبەری کاژێر 04:00ـی  ئێوارە، چەکدارانی حەماس" ئارپی جی'ـێکیان  گرتووەتە تانکێکی ئیسرائیلی کە پارێزگاری لە ژمارەیەک سەرباز کردووە، زەبر بە باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی کەوتووە کە ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلیی تێدابووە و باڵەخانەکەیان بەسەر داڕماوە، لەئەنجامدا زۆربەی سەربازەکان گیانیان لەدەستداوە.
 
هاگاری دەڵێت ئەگەری زۆرە باڵەخانەکە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلییەوە بەمەبەستی رووخاندنی بۆمبڕێژکرابێت، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە چەکدارانی حەماس ئارپێجیان گرتووەتە ئەو ناوچەیە، دەشڵێت لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەی باڵەخانەکەش دەستیپێکردووە.
 
تیمەکانی رزگارکردن دوێنێ بۆ چەندین کاژێر سەرقاڵی دەرهێنانی تەرم و برینداران بوون.
 
دانیال هاگاری ئاماری کوژراوانی ریزی سوپاکەشی بڵاوکردەوە و، دەڵێت لەوەتەی شەڕ دەستیپێکردووە، 200 سەربازیان لە غەززە کوژراون.
 
بەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە، سوپای ئیسرائیل کوژرانی 11 سەربازی بەجیا راگەیاند، هاگاری گوتی کەسوکاری سەربازەکانیان ئاگادارکردووەتەوە.
 
ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد دوای ئەوەی لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەگوتەی تەلئەڤیڤ، زیاتر لە 1140 کەسی کوشت، 220 کەسیشی بە بارمتە گرت کە 132ـیان تاوەکو ئیستا لە دەست حەماسدا ماون.

 

لە فەیسبووکی رووداوەوە: