بەهۆی رووخانی باڵەخانەیەکەوە لە حەلەب 16 کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان کوردن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی رووخانی باڵەخانەیەکەوە لە حەلەبی سووریا 16 کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان کوردن. رووداوەکە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود روویداوە کە گەڕەکێکی کوردنشینە.
 
پێنج منداڵ لەنێو ئەو 16 کەسەدا بوون کە گیانیان لەدەستداوە. دانیشتوویەکی گەڕەکی شێخ مەقسوود دەڵێت، "باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمیی نیشتەجێبوون رووخا. باڵەخانەکە حەوت ماڵی لەخۆدەگرت کە ژمارەیان نزیکەی 30 کەس دەبوو. تیمەکانی بەرگریی شارستانی لەگەڵ کارمەندانی مانگی سوور هێشتا کار دەکەن."
 
رووخانی باڵەخانەکان لە حەلەب نامۆ نییە. باڵەخانەکانی حەلەب بەهۆی 12 ساڵی شەڕ، تۆپباران و بۆردوومانەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و وەکو بۆمبی تەوقیتکراون، لە هەر ساتێکدا بێت، دەکرێت کارەساتی مرۆیی بکەوێتەوە.
 
دانیشتوویەکی گەڕەکی شێخ مەقسوود ئاماژە بەوە دەکات، "پێمان وایە هۆکاری رووخانەکە دەگەڕێتەوە بۆ جەنگ و تۆپبارانی بەردەوام لەکاتی سوپای ئازادەوە بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود، کە بووەتە هۆی زیانپێگەیاندنی باڵەخانەکان. داوا لە هەمووان دەکەین یارمەتیمان بدەن." 
 
تیمەکانی فریاکەوتن توانییان چوار کەس بە زیندوویی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکە بێننە دەرەوە.
 
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی شێخ مەقسوود خەڵکی عەفرینن، کە لەدوای لەشکرکێشیی تورکیا لە ساڵی 2018 بۆ سەر شارەکەیان، ئاوارە بوون.