گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە گەیشتە 45,227 کەس
رووداو دیجیتاڵ
وەزارتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای جەنگەوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 45 هەزار و 227 کەس، ژمارەی بریندارانیش گەیشتە 107 هەزار و 573 کەس.
رێکخراوە مرۆییە دیارەکانی وەک ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ و هیومەن رایتس وۆچ، هەروەها بەرپرسانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیل بە ئەنجامدەری "جینۆساید" لە کەرتی غەززە تۆمەتبار دەکەن و ئیسرائیل تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.
بەگوێرەی بەرپرسانی فەلەستینی، رۆژی شەممە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک شوێن لە کەرتی غەززە، لە ئەنجامدا لانیکەم 9 کەس کوژران و چەندین کەسی دیکە بریندار بوون.
یەکێک لەو هێرشانە، کەمپی ئاوارەکانی شەتی کردە ئامانج کە تێیدا حەوت کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکە بریندار بوون.
هێرشێکی دیکە قوتابخانەی تەئمینی لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم کەسێک.
هەروەها لە شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەززە، کەسێک لە ئەنجامی هێرشی درۆنیی ئیسرائیل کوژرا.
سوپای ئیسرائیل قسەی لەسەر ئەم رووداوانە نەکردووە.