ئاوارەکانی غەززە لە رەفەح 'بە رۆنی چێشتلێنان' کار بە ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری رەفەح خواردن لەلایەن ژمارەیەک هاووڵاتییەوە بۆ ئاوارەکانی کەرتی غەززە ئامادە دەکرێت. 
 
ئاوارەیەک دەڵێت، "45 خولەک بەپێ دەڕۆم تاوەکو ژەمەکە وەربگرم و 45 خولەکی دیکەم دەوێت تا دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی بتوانم خۆراک بۆ منداڵەکانم دابین بکەم. نازانم ئیتر چی بڵێم، دۆخەکە لەڕادەبەدەر سەختە."
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوو ملیۆن و 400 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە، ملیۆنێک و 900 هەزاریان ئاوارە بوون. 
هەروەها، چواریەکی دانیشتووانی غەززە تووشی برسێتییەکی زۆر بوونەتەوە و دوو ملیۆن و 200 هەزاریشیان لە قەیرانی کەمی خۆراکدان. 
 
سەرباری نەبوونی خۆراکی پێویست، نەبوونی سووتەمەنیش ژیانی ئاوارەکانی قورستر کردووە. 
 
ئاوارەیەکی دیکە دەڵێت: "منداڵەکانمان تووشی کۆکە، ئەنفلوەنزا و خنکان دەبن. هیچ سووتەمەنییەک نییە و هەموو کەسێک ئۆتۆمبێلەکانی بە رۆنی چێشتلێنان کارپێدەکات و ئەمەش هیچ سەلامەت نییە."
 
ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، تەنیا 10%ـی ئەو خۆراکە گەیشتووەتە کەرتەکە کە دانیشتووانەکەی پێویستیان پێیەتی. 
 
پێش دەستپێکی جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەم، رۆژانە 500 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی دەگەیشتنە کەرتی غەززە، بەڵام لەو کاتەوە رۆژانە بە تێکڕا کەمتر لە 100 بارهەڵگر دەگات.